دزەکردنی زانیاریی ورد لە بەغداوە؛ ئەمریکا ئەندازیاری گۆڕانکارییە نوێیەکانی نێو حکومەتە
٢٠ حوزەیران ٢٠٢٦ - ١٢:٠٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا گۆڕانکاریی لە چەند پۆستێکی باڵای ئەمنی و دارایی حکومەتی عێراقدا دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغدا، زانیاریی ورد و گرنگ لەبارەی پشتپەردەی ئەو گۆڕانکارییانە و ڕۆڵی ڕاستەوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەو پرۆسەیەدا ئاشکرا دەکات.
دەستوەردانی ڕاستەوخۆی واشنتۆن
سەرچاوەیەکی سیاسی تایبەت بە پەنجەرەی ڕاگەیاند؛ ئەو گۆڕانکارییانەی لە چەند جومگەیەکی گرنگی دەسەڵاتدا لە بەغدا ئەنجام دراون، لەسەر داوا و فشاری ڕاستەوخۆی ئەمریکا بوون. بە وتەی سەرچاوەکە، ئەم هەنگاوانە سەرەتای قۆناغێکی نوێن و لەمەودوا واشنتۆن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە دیاریکردنی زۆربەی پۆستە هەستیار و باڵاکانی دەوڵەتی عێراقدا دەکات و پرۆسەکە بەردەوامی دەبێت.
پۆستە ئەمنییەکان؛ دەموچاوە نوێیەکان لە کێوە نزیکن؟
سەبارەت بە ناسنامە و نزیکایەتی ئەو کەسانەی پۆستە نوێیەکانیان وەرگرتووە، سەرچاوەکە زانیارییەکان بەم شێوەیە پۆلێن دەکات:
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی: قاسم عەبوودی کە دەستنیشان کراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە شوێنی قاسم ئەعرەجی، بە یەکێک لە کەسایەتییە نزیکەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دادەنرێت.
سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی: باسم بەدری کە لە شوێنی عەبدولکەریم بەسری پۆستی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی وەرگرتووە، پێچەوانەی تێڕوانینی گشتی کە پێیان وایە ناوبراو لە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساوە نزیکە، سەرچاوەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە بەدری لە راستیدا زیاتر لە فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە نزیکە.
مەلەفی دارایی؛ پاداشتی هاوکارییەکانی پێشوو
لە گرنگترین گۆڕانکارییەکاندا کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە مەلەفی ئابوریی و دارایی عێراقەوە هەیە، پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندییە. لەم بارەیەوە سەرچاوەکە دەڵێت:نزار ناسر کە لە شوێنی عەلی عەلاق پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراقی وەردەگرێت، پێشتر لە مەلەفی ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و قاچاخچێتی دۆلاردا هاوکارییەکی زۆر و کاریگەری لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا کردووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی پاڵپشتیکردنی بووە بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە هەستیارە."
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم گۆڕانکارییانە نیشانەی قۆناغێکی نوێی ململانێ و هاوسەنگی هێزن لە بەغدا، کە تێیدا واشنتن دەیەوێت لە ڕێگەی دۆستەکانییەوە کۆنترۆڵی توندتر بەسەر مەلەفە ئەمنی و داراییەکانی عێراقدا بسەپێنێت.