"بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ئەمەریکا"؛ هۆکاری گۆڕانکارییەکانی ئەمڕۆی بەغدا چی بوو؟
٢٠ حوزەیران ٢٠٢٦ - ١٢:٤٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە هەنگاوێکی کتوپڕدا، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، زنجیرەیەک گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە لوتکەی هەرەمی دامەزراوە ئەمنی و داراییە هەستیارەکانی وڵاتدا ئەنجامدا.
ئەم گۆڕانکارییانە کە تەنها چەند ڕۆژێک بەرلە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ واشنتۆن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دێت، وەک ئاماژەیەکی ڕوون بۆ گۆڕینی ستراتیژییەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لێکدەدرێتەوە.
کێ گۆڕدرا و کێ هات؟
دیارترین گۆڕانکارییەکان بریتی بوون لە لادانی عەبدولکەریم بەسری لە سەرۆکایەتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، کە باسم بەدری شوێنی گرتەوە. هاوکات لە کەرتی دارایی، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و نزار ناسر، پسپۆڕی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە، لە شوێنی دەستبەکاربوو. هەروەها قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پۆستەکەی سپێردرا بە قاسم عەبودی.
هۆکارە سەرەکییەکانی پشت گۆڕانکارییەکان
چاودێرانی سیاسی و سەرچاوە حکومییەکان پێیانوایە ئەم هەنگاوانە نەک تەنها گۆڕانکارییەکی کارگێڕی، بەڵکو وەڵامدانەوەیەکی خێرایە بۆ کۆمەڵێک فشاری نێودەوڵەتی و پێویستیی ناوخۆیی.
گرنگترین خاڵ لەم نێوەندەدا، بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی واشنتۆن هەژمار دەکرێت، چونکە ئەم گۆڕانکارییانە تەنها ٤٨ کاتژمێر دوای کۆبوونەوەی زەیدی لەگەڵ "تۆم باراک" نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ هات.
واشنتۆن داوای گەرەنتی کردووە بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکان و پاراستنی وەبەرهێنانە ئەمریکییەکان. هەربۆیە لادانی کەسایەتییە ئەمنییە کلاسیکییەکان و هێنانەپێشەوەی دەموچاوی نوێ، وەک پەیامێکی دڵنیایی بۆ ئەمریکا دەبینرێت کە حکومەت جدییە لە کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا.
لەلایەکی ترەوە دانانی نزار ناسر (پسپۆڕی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە) لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی، بە هەوڵێکی ڕاستەوخۆ دەزانرێت بۆ ڕێگریکردن لە سزاکانی ئەمریکا لەسەر کەرتی بانکیی عێراق.
چاودێران وایدەبینن زەیدی دەیەوێت بەم هەنگاوە بیسەلمێنێت کە عێراق سیستەمێکی دارایی شەفاف پەیڕەو دەکات و ڕێگری لە دزەکردنی دۆلار بۆ دەرەوەی سنوورەکان دەکات.
هاوکات دوورخستنەوەی ئەبو عەلی بەسری، کە بۆ ساڵانێکی زۆر بە پیاوی نزیکی نوری مالیکی و یەکێک لە کارەکتەرە هەرە کاریگەرە ئەمنییەکان دەناسرا، نیشانەیەکە بۆ هەوڵی زەیدی بۆ دوورخستنەوەی دامەزراوە هەستیارەکان لە ململانێ و نفووزی حزبی و گۆڕینیان بۆ دامەزراوەی پیشەیی (تەکنۆکرات).
هەموو ئەمانەش لەکاتێکدایە کە وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن، زەیدی دەیەوێت لەو گەشتەی کە بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو بیکات بۆ ئەمەریکا، بە "دەستێکی پڕەوە" بگاتە دیداری دۆناڵد ترەمپ.