پێش گەشتەکەی بۆ ئەمریکا.. زەیدی شۆڕشێکی گۆڕانکاریی لە پۆستە باڵا ئەمنی و داراییەکانی عێراقدا دەستپێکرد
٢٠ حوزەیران ٢٠٢٦ - ١٢:٥٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
عەلی زیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پاکێجێکی بەرفراوانی گۆڕانکاریی لە پۆستە باڵاکانی پێکهاتەی ئەمنی و دارایی وڵاتدا ڕاگەیاند؛ ئەم هەنگاوەش ڕاستی ئەو زانیارییانەی سەلماند کە هەفتەی ڕابردوو دزەیان پێکرابوو.
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمی هەواڵەکانی عێراق، لەسەر ئاستی باڵا، عەبدولکەریم بەسری لە پۆستی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دوورخرایەوە و باسم بەدری لە شوێنی دەستبەکاربوو. هاوکات قاسم عەبوودی وەک ڕاوێژکاری نوێی ئاسایشی نیشتمانی عێراق دیاریکرا لە شوێنی قاسم ئەعرەجی کە ئەویش لە پۆستەکەی لادرا.
گۆڕانکارییەکان
سەرچاوە حکومییەکان لە بەغدا ئاشکرایان کردووە کە قافڵەی گۆڕانکارییەکان پۆستە باڵا ئەمنییەکانی پارێزگاکانی زیقار، دیوانیە، بەسڕە و سامەڕاشی گرتووەتەوە. جگە لەوەش، عەلی عەبدوڵا عەقیلی وەک بەرپرسی دۆسیەی "فەکولئیرتیبات" (هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی و ڕێکخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا) دەستنیشانکرا.
لەسەر ئاستی ئابووریش، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە پۆستەکەی لادرا و نزار ناسر، سەرۆکی پێشووی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی تیرۆر، کرا بە پارێزگاری نوێی بانکەکە. هاوکات حەیدەر مەکێیە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق دوورخرایەوە و عادل یاسری خرایە شوێنی.
پێگەی کەسایەتییە لادراوەکان
گرنگیی ئەم گۆڕانکارییانە لەوەدایە کە دەستی بۆ کەسایەتییەک برد کە ساڵانێکی درێژ دۆسیە هەرە هەستیارەکانی ئەمنی و هەواڵگریی عێراقی بەڕێوەبردووە، ئەویش (ئەبو عەلی بەسڕی)یە، کە وەک کەسێکی نزیک لە گرووپە چەکدارەکان، بەتایبەت ڕێکخراوی "بەدر" بە سەرکردایەتی هادی عامری و "کەتائیبی حزبوڵا" بە سەرکردایەتی ئەحمەد حەمیداوی هەژمار دەکرا.
ڤیتۆی ئەمریکا و ئامادەکاری بۆ سەردانی واشنتۆن
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق بە مەرجی نەهێنانی ناوی ڕایگەیاند: "ئەم گۆڕانکارییانە بەشێکن لەو جۆڵە سیاسی و ئەمنییە چڕەی کە ڕۆژانی ڕابردوو بەغدای گرتووەتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە هەفتەی داهاتووش بڕیاری نوێ لەبارەی پۆستە سەربازییەکان دەردەچێت و هەوڵێکیش هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ، پێش ئەوەی عەلی زیدی مانگی داهاتوو سەردانی واشنتۆن بکات.
ئەو پەرلەمانتارە جەختی کردەوە کە لایەنی ئەمریکی لە گفتوگۆکانی ئەم دواییانەدا تێبینی و ناڕەزایەتی توندی هەبووە لەسەر مانەوەی هەندێک کەسایەتی لە پۆستەکانیاندا، بەتایبەت ئەوانەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی نزیکی یان کارئاسانییان بۆ گرووپە چەکدارەکان بووبوونە جێی مشتومڕ. ئەم بڕیارانەش تەنیا دوو ڕۆژ دوای کۆبوونەوەی زیدی لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا لە بەغدا دێن، کە تێیدا گەیشتبوونه لێکتێگەیشتنی ستراتیژی، ئەمنی و ئابووری.
پەیامی ناوخۆیی و دەرەکی
محەمەد مەشهەدانی، ئەکادیمی و پسپۆڕی سیاسی لەمبارەیەوە دەڵێت: "گرنگیی ئەم گۆڕانکارییانە تەنیا لە ناوی کەسەکاندا نییە، بەڵکو لەو پەیامانەدایە کە ئاڕاستەی ناوخۆ و دەرەوە دەکرێن." ئەو پێیوایە حکومەت دەیەوێت نیشانی بدات کە خاوەن ئیدارەیەکی بەهێزە و خەریکی داڕشتنەوەی جومگە هەستیارەکانی دەوڵەتە تاوەکو لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغی داهاتووی ئەمنی، ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت.
مەشهەدانی ئاماژەی بەوەش کرد کە گۆڕینی پۆستە ناوەندی و لاوەکییەکان کەمتر نییە لە گۆڕینی لوتکەی دەسەڵات، چونکە زۆرجار ناوەندەکانی بڕیاردانی ڕاستەقینە لەناو بازنە کارگێڕی و تەکنیکییەکاندا دروست دەبن، سەرکەوتنی ئەم هەنگاوانەش بەستراوەتەوە بەوەی تا چەند حکومەت دەتوانێت ئەم گۆڕانکارییانە بکاتە پڕۆژەیەکی چاکسازیی ڕاستەقینە لەناو دامەزراوەکاندا.