ئەرکێکی ئەمنی لە سلێمانی و لابردن لە بەغدا"؛ چی بەسەر قاسم ئەعرەجیدا هاتووە؟
٢٠ حوزەیران ٢٠٢٦ - ١٢:٥١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەنجەرەی ڕاگەیاند، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە شاری سلێمانی تووشی نیگەرانی و شۆکێکی گەورە بووە، کاتێک لە بەغداوە هەواڵی لابردنی لە پۆستەکەی و دیاریکردنی "قاسم عەبوودی" لە شوێنەکەی پێگەیشتووە.
هۆکاری نیگەرانییەکەی ئەعرەجی چییە؟
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ئەعرەجی لەو کاتەدا بە ئەرکێکی فەرمی و ئەمنیی گرنگ لە شاری سلێمانی بووە، کە تایبەت بووە بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران؛ بەڵام هەر لەوێدا هەواڵی دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی پێگەیشتووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەعرەجی بەهۆی ئەم بڕیارە کتوپڕەوە زۆر نیگەران بووە و پێی وابووە ناردنی بۆ سلێمانی بە ئەرکێکی فەرمی و هاوکات بڵاوبوونەوەی هەواڵی لابردنی، جۆرێک بووە لە بێڕێزیی و سوکایەتیکردن پێی."