بۆچی تەرمی خنکاوەکان لە ڕووبارەکانی کوردستاندا ون دەبن؟

٢٠ حوزەیران ٢٠٢٦ - ١٢:٥٤ پاش نیوەڕۆ

بۆچی تەرمی خنکاوەکان لە ڕووبارەکانی کوردستاندا ون دەبن؟

پەنجەرە

لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و ڕووکردنی هاووڵاتییان بۆ کەناراوەکان، جارێکی تر پرسی خنکان لە چەم و ڕووبارەکانی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە ڕۆژەڤ.

یەکێک لە پڕئازارترین و پڕماندووترین قۆناغەکانی دوای هەر ڕووداوێکی خنکان، پرۆسەی گەڕانە بەدوای تەرمدا کە هەندێک جار چەندین ڕۆژ و تەنانەت هەفتەیش دەخایەنێت. 

پرسیاری سەرەکی لای خێزانی قوربانییان و ڕایگشتی ئەوەیە: بۆچی تەرمەکە ڕاستەوخۆ سەر ئاو ناکەوێت؟ ئاستەنگەکانی بەردەم تیمەکانی پاراستنی بەرگری شارستانی چین؟

وەڵامی زانست؛ بۆچی تەرمەکان سەرئاوناکەون؟

بەپێی بنەما زانستییەکانی پزیشکی دادوەریی، جەستەی مرۆڤ کاتێک دەخنکێت، ڕاستەوخۆ بەهۆی پڕبوونی سییەکان و گەدە بە ئاو، کێشی زیاد دەکات و چڕییەکەی لە چڕی ئاوەکە زیاتر دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی نوقمبوونی بۆ ناو قووڵایی.

مانەوەی تەرمەکە لەژێر ئاودا پەیوەستە بە پرۆسەیەک کە پێی دەوترێت "شیبوونەوەی شانەکان". بەکتریای ناهەوایی ناو جەستە دەست دەکەن بە کارکردن و بەرهەمهێنانی غازاتی وەک (میسان "میثان"، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و هایدرۆجین سلفاید). ئەم غازانە لەناو جەستەدا کۆدەبنەوە و وەک "باڵۆنێک" جەستە فوو تێدەکەن، کە ئەمەش چڕی جەستە کەمدەکاتەوە و ناچاری دەکات دوای ماوەیەک سەر ئاو بکەوێت.

تایبەتمەندییە قورسەکانی ڕووبارەکانی کوردستان

پرسیارێک کە هەموومانی سەرسام کردوە، ئەوەیە: بۆچی لە ڕووبارەکانی کوردستان ئەم پرۆسەیە زیاتر دەخایەنێت؟

بۆ وەڵامدانەوەش هەمدیس دەگەڕێینەوە سەر زانست و هەندێک گریمانەی زانستی.

زۆربەی ڕووبارەکانی کوردستان لە شاخەکانەوە سەرچاوە دەگرن و ئاوەکەیان سارد یان زۆر ساردە. ساردیی ئاو، چالاکیی بەکتریاکان کەمدەکاتەوە و پرۆسەی شیبوونەوە و دروستبوونی غاز دوادەخات.

جگە لەوەش ڕووبارەکان خاوەن پەستانی زۆرن، بوونی ئەم پەستانە زۆرەش لە قووڵایی ڕووبارەکاندا، ڕێگری لە فراوانبوونی غازەکان دەکات، ئەمەش وا دەکات تەرمەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر لە بنی ئاوەکەدا بمێنێتەوە.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی بنی ڕووبارەکان پڕە لە تاشەبەردی تیژ، چاڵ، قەدی درەخت و ڕوەکی ئاوی، کە زۆرجار تەرمەکان لە نێوان ئەم ئاستەنگانەدا گیر دەخۆن و تەنانەت ئەگەر جەستەکە غازیش دروست بکات، ناتوانێت سەرکەوێت.

هەروەک زۆرجاریش ئاوەکان بەخوڕن، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕاکێشانی جەستە بۆ خوارەوە و دوورخستنەوەی لە شوێنی ڕووداوەکە بۆ چەندین کیلۆمەتر.

پرۆسەی گەڕان؛ چاو لەبری ئامێر

ئەوەی مایەی تێبینی و زۆرجار دڵخۆشییشە، لەهەر ڕووداوێکی خنکان، ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی و خۆبەخش کۆدەبنەوە و بەدوای تەرمەکەدا دەگەڕێن و پرسەکە لە خەمی خێزانێکەوە دەبێتە خەمی گشت.

بەڵام سەرباری ئەمەش، پرۆسەی دۆزینەوەی تەرمەکان و ئاشکراکردنیان، کاتی زۆر دەبات و کەمجار پێش هاتنەسەر ئاوی تەرمەکە، دەتوانرێت لە قوڵاییدا بدۆزرێتەوە.

هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە لە زۆربەی ڕووبارەکاندا بەهۆی لێڵیی ئاوەوە، هاوڵاتیان ناتوانن بەچاو ببینن و تەنانەت لەژێر ئاویشدا غەواسەکانیش زۆر نابینن، ئەمەش پرۆسەکە زۆر خاو دەکاتەوە و مەترسی بۆ سەر ژیانی غەواسەکەش دروستدەکات.

لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، ئامێری سۆناری ئاوی و ڕۆبۆتی ژێر ئاو بەکاردێن کە دەتوانن وێنەی وردی بنی ئاوەکە پیشان بدەن، بەڵام لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان ئەم تەکنەلۆژیایە بەردەست نییە.

جگە لەئامێر، لەئاستی مرۆییشدا کێشەی کەمی کادیری پسپۆڕ و شارەزا هەیە، بەتایبەتی لە هەموو شوێنەکان.
چونکە زۆرجار تیمە شارەزاکان لە ناوەندی پارێزگاکانن و هەتا دەچنە ناوچە و شوێنە دوردەستەکان، کاتی زۆریان دەوێت؛ ئەمەش کاتی زێڕینی سەرەتای ڕووداوەکە دەفەوتێنێت.

بۆیە بۆ ئەوەی پرۆسەی دۆزینەوەی تەرمەکان خێراتر و سەلامەتتر بێت، پێویستە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەستن بە دابینکردنی ئامێرەکانی سۆناری پێشکەوتوو و غەواسە ڕۆبۆتییەکان بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی.

هەروەها ناردنی تیمەکانی غەواس بۆ خولی پێشکەوتوو لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووبارە خوڕەکان نەک هەر ئاوێکی ئاسایی، بۆ ئەوەی بتوانن لە دۆزینەوەی زووتری تەرمەکان ڕۆڵیان هەبێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو