هێڵی سووری خوێندنی کچان؛ پەی داوای پاککردنەوەی ژینگەی زانکۆکان دەکات
٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:١٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەپێناو پاراستنی ژینگەی خوێندن و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پێشێلکارییەک، دامەزراوەی "پەی" بۆ پەروەردە و گەشەپێدان بەیاننامەیەکی گرنگی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی کرد. لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە پێویستە زانکۆ وەک ناوەندێکی زانستی و پەروەردەیی، ژینگەیەکی تەندروست، پارێزراو و دوور لە هەر جۆرە هەراسانکردن، گێچەڵ (تەحەڕوش)، گوشار و خراپ بەکارهێنانی پێگەی ئەکادیمی بۆ خوێندکاران و فەرمانبەران دابین بکات.
دامەزراوەی پەی جەخت دەکاتەوە کە پێویستە پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکان بە شێوازێکی خێرا، شەفاف، بێلایەن و پیشەیی بەڕێوە بچێت، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە گوشارێکی سیاسی، حزبی، کۆمەڵایەتی یان دامەزراوەیی کاریگەری لەسەر دەرەنجامەکان دابنێت. بۆ ئەم مەبەستەش، نەخشەڕێگایەکی تۆکمەی لە ١٤ خاڵدا پێشکەش بە سەرۆکایەتی زانکۆ کردووە:
١. پێکهێنانی لێژنەیەکی پسپۆڕ و سەربەخۆ
داوا دەکرێت لێژنەیەکی تایبەت و سەربەخۆ لە کەسانی خاوەن شارەزایی لە بوارەکانی (یاسا، مافی مرۆڤ، کاروباری ئەکادیمی، دەروونناسی، مافی ژنان و دادی دیجیتاڵی) پێکبهێنرێت. مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە ئەندامانی ئەم لێژنەیە هیچ جۆرە بەرژەوەندییەکی کەسی یان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە کەیسەکەوە نەبێت.
٢. بەشداریپێکردنی چاودێرانی دەرەکی
بۆ زامنکردنی شەفافییەت و زیادکردنی متمانەی گشتی، پێشنیاز دەکرێت نوێنەری پسپۆڕ و بێلایەن لەم لایەنانەی خوارەوە وەک چاودێر یان ڕاوێژکار لە لێژنەکەدا بەشدار بن:
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ.
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی.
٣. بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد (AI) و دادی دیجیتاڵی
پێویستە تیمێکی تەکنیکی پسپۆڕ لە بواری ژیریی دەستکرد، دادی دیجیتاڵی و پشکنینی دەنگ و وێنە بەشدار بن، بۆ دیاریکردنی ڕەسەنێتی ئەو بەڵگە دیجیتاڵییانەی کە هەن (وەک تۆمارە دەنگییەکان، ڤیدیۆ و نامەکان) و دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئایا دەستکاری کراون یان بە تەکنەلۆژیای نوێ دروستکراون.
٤. پاراستنی زانستیی بەڵگەکان
سەرجەم بەڵگە دیجیتاڵی و ماددییەکان (دەنگ، وێنە، هەژمارەکان، مۆبایل و زانیارییە تەکنیکییەکان) دەبێت بە ڕێگای زانستی و لەلایەن پسپۆڕانەوە بپارێزرێن و بگوێزرێنەوە، بۆ دڵنیابوون لە ڕەسەنێتی و دروستیی پێشکەشکردنیان لە بەردەم دادگا.
پاراستنی کەرامەت و مافی یاسایی؛ کۆڵەکەی سەرەکی دادپەروەرییە
پێویستە لە تەواوی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەدا، پاراستنی نهێنی و کەرامەتی خوێندکاران و سکاڵاکاران لەبەرچاو بگیرێت، هاوکات مافی بەرگریی یاسایی بۆ کەسی تۆمەتبارکراویش دابین بکرێت تا ئەو کاتەی تاوانەکەی دەسەلمێنرێت."
٥. پاراستنی تەواوی سکاڵاکاران و شایەتحالەکان
دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێگری تەواو بکەن لە هەر جۆرە هەڕەشە، گوشار، سووکایەتی، تۆڵەسەندنەوە یان زڕاندنی ناوی سکاڵاکاران و شایەتحاڵەکان، تا ناچار نەکرێن لە سکاڵاکانیان پاشگەز ببنەوە.
٦. دوورکەوتنەوە لە حوکمی پێشوەختە
تا کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان، پێویستە سەرجەم ڕێکارەکان بە جۆرێک بن کە هەم تەندروستی خوێندکاران و هەم مافی کەسی تۆمەتبارکراو بپارێزن، بەبێ ئەوەی پرۆسەکە بکەوێتە ژێر کاریگەری حوکمی پێشوەختە یان پڕوپاگەندەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
٧. دابینکردنی پشتگیری دەروونی و یاسایی
پێویستە لێکۆڵینەوەکان لە ژینگەیەکی ئارام و دوور لە ترس ئەنجام بدرێن، و سەرجەم شایەتحاڵ و سکاڵاکاران پشتگیری دەروونی و یاسایی پێویستیان پێشکەش بکرێت.
٨. سزای یاسایی و کارگێڕی بۆ سەرپێچییەکان
ئەگەر لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا بەڵگەی پێشێلکاری کارگێڕی، ئەخلاقی یان ئەکادیمی سەلمێنرا، دەبێت سزای توندی یاسایی جێبەجێ بکرێت. لە ئەگەری بوونی گومان و بەڵگەی تاوانکاریشدا، دۆسیەکە بە تەواوی بەڵگەکانەوە ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری و داواکاری گشتی بکرێت.
٩. سزادانی بەڵگەی دروستکراو و ساختە
ئەگەر دەرکەوت بەڵگەکان ناڕاست، ساختە یان دەستکاریکراون، دەبێت ئەنجامەکان بە ڕوونی ڕابگەیەنرێن و بەپێی یاسا لێپرسینەوە لەو کەس یان لایەنانە بکرێت کە بەڵگەی ساختەیان دروستکردووە یان بڵاوکردووەتەوە.
١٠. ڕاگەیاندنی دەرەنجامەکان بۆ ڕای گشتی
بۆ گەڕاندنەوە و پاراستنی متمانەی کۆمەڵگا بە زانکۆ، دەبێت دەرەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکان، بە شێوازێک کە زیان بە ناوبانگ و مافی کەسیی لایەنەکان نەگەیەنێت، بە ڕوونی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت.
بەرەو ستراتیژیەتێکی هەمیشەیی بۆ ڕێگریکردن لە گێچەڵ
دامەزراوەی پەی تەنها پێشنیازی کاتی پێشکەش ناکات، بەڵکو داوای گۆڕانکاری بنەڕەتی دەکات لە سیستمی زانکۆدا لە ڕێگەی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
داڕشتنی ڕێنمایی ڕوون: پێویستە زانکۆ سیاسەت و ڕێنمایی ڕوون و پابەندکەر بۆ ڕێگریکردن لە هەموو جۆرەکانی هەراسانکردنی جەستەیی، زاری، دەروونی و ئەلیکترۆنی دابڕێژێت، و پۆرتاڵێکی سەربەخۆ و نهێنی بۆ تۆمارکردنی سکاڵای خوێندکاران دابین بکات.
بەرنامەی هۆشیاری بەردەوام: دابینکردنی خولی فێرکاری بۆ مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکاران سەبارەت بە سنووری پەیوەندی پیشەیی، چەمکی ڕەزامەندی، و میکانیزمەکانی خۆپاراستن لە گێچەڵی ئەکادیمی.
میکانیزمی دژە تۆڵەسەندنەوە: دروستکردنی سیستمێک کە گرەنتی بکات هیچ خوێندکار یان فەرمانبەرێک لەبەر تۆمارکردنی سکاڵا یان شایەتیدان، تووشی زیان نابێت لە نمرە، دەرفەتی کار، یان ناوبانگی ئەکادیمیدا.
کچانی کوردەواری و متمانەی زانکۆ؛ هێڵی سوورن
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، دامەزراوەی پەی هۆشداری دەدات کە نابێت ڕێگە بدرێت ئەم جۆرە کەیسانە، چ ڕاست بن یان بەشێک بن لە پروپاگەندە، کاریگەری نەرێنی بکەنە سەر متمانەی خێزانەکان بە ناوەندە زانستییەکان.
پشتگوێخستنی ئەم بابەتانە یان مامەڵەی ناڕوون، دەبێتە مایەی ساردکردنەوەی خێزانەکان و دوورخستنەوەی کچانی کوردەواری لە خوێندن و بەشداری ئەکادیمی، ئەمەش زیانێکی گەورە بە پێگەی زانستی زانکۆی سلێمانی دەگەیەنێت. بۆیە، لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و دادپەروەرانە نەک تەنها بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکە، بەڵکو بۆ پاراستنی مافی خوێندنی کچان، شکۆی کۆمەڵگا و ناوبانگی مێژوویی زانکۆیە.