تۆمەتی کارکردنیان بۆ دەرەوە دراوەتە پاڵ؛ ئێران ١٧ کەسی لەرۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکرد
٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:١٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران، ڕۆژی شەممە، ڕایگەیاند کە ١٧ کەسیان لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کردووە. بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئەم کەسانە تۆمەتبارن بە بەڕێوەبردن و ئەندامێتی لە "تۆڕێکی تێکدەر"دا کە پەیوەندییان بە لایەنی دەرەکییەوە هەبووە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) لە بەیاننامەی وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە بڵاویکردەوە، کە هێزە ئەمنییەکان سێ کەسیان لەوانەی بە "سەرکردەی مەیدانی" تۆڕەکە ناوی بردوون، دەستگیر کردووە و بە پیتی یەکەمی ناوەکانیان (م. ع، م. ك، و ڕ. ف) ئاماژەیان پێکراوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم سێ کەسە پێشینەی یاساییان لە شارەکانی ئیلام، مەلەکشاهی و سەرابڵە هەیە، هەروەها ١٤ کەسی دیکەش کە کارگێڕی تەسفیەی تۆڕەکە بوون، دەستبەسەر کراون.
تۆمەتەکان و کاتی دەستگیرکردنەکە
بەپێی گێڕانەوەی فەرمیی دەسەڵاتدارانی ئێران، تۆمەتی ئەم کەسانە بریتییە لە:
شێواندنی ئاسایشی گشتی و تێکدان و ئاگربەردان لە موڵک و ماڵی گشتی.
تەقەکردن و وێنەگرتنی ڕووداوەکان بە مەبەستی هاندانی هاوڵاتیان.
ئەم تۆمەتانە دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ئاڵۆزییانەی لە کۆتایی دیسەمبەری ٢٠٢٥ تا کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ڕوویاندا، کە دەسەڵاتدارانی ئێران وەک "هەوڵێکی شکستخواردووی کودەتا" وەسفی دەکەن.
دەستبەسەرداگرتنی چەک و تەقەمەنی
وەزارەتی ئیتڵاعات ڕاشیگەیاندووە، لە کاتی هەڵکوتانە سەر حەشارگە نهێنییەکەی ئەم گرووپەدا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر سێ بۆمبی چێنراوی ماددەی تەقینەوەی "TNT"، چەکێکی کڵاشینکۆف و بڕێک چەکی تردا گرتووە.