ئەگەر چەک ڕادەست نەکەن پێکدادان ڕوودەدات؛ هۆشدارییەکی توندی بەغدا بە گرووپە چەکدارەکان
٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:١٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە پەنجەرەی ڕاگەیاند، نوێنەری حکومەتی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ نوێنەرانی گرووپە چەکدارە (میلیشیا) شیعەکان ئەنجامداوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی چەککردنی ئەو گرووپانە و کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ئەمنی.
سەرچاوەکە ئاشکرایکرد، لیژنەی نوێنەرایەتی حکومەت لە کۆبوونەوەکەدا داوایەکی فەرمی ئاڕاستەی گرووپە شیعەکان کردووە بۆ ئەوەی چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن. هاوکات هۆشداریی توندی پێداون کە ئەگەر پابەندی بڕیارەکە نەبن و چەکەکانیان ڕادەست نەکەن، دوور نییە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی بڕوات و پێکدادانی چەکداری لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و ئەو گرووپانەدا ڕووبدات.
لە بەرامبەردا، وەک سەرچاوەکەی پەنجەرە ئاماژەی پێدا، نوێنەری گرووپە چەکدارەکان بە تەواوی داواکارییەکەی حکومەتی بەغدایان ڕەتکردووەتەوە و ئامادەیی خۆیان نیشان نەداوە بۆ دەستبەرداربوون لە چەکەکانیان، ئەمەش مەترسیی سەرهەڵدانی گرژیی نوێ لە نێوان هەردوولادا زیاتر دەکات.