بڕیاری دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری کەناڵ هەشت؛ بەنزین بە ئاگرەکەی یەکێتی و پارتیدا دەکرێت؟
٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٢٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا کە هەوڵە نێوخۆیی و هەرێمییەکان بۆ خاوکردنەوەی گرژییە سیاسییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامن، دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردن لە هەولێرەوە بۆ کەسایەتییەکی میدیایی و نزیک لە ناوەندی بڕیاری یەکێتی، ئاڕاستەی رووداوەکانی بەرەو قۆناغێکی نوێ برد.
بڕیارێکی یاسایی بە ڕەهەندی سیاسییەوە
دادگای هەولێر بە تۆمەتی "خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی" بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ بەڕێوەبەری کەناڵی هەشت دەرکرد. گرنگیی ئەم بڕیارە لەوەدایە کە ناوبراو تەنها وەک رۆژنامەنووسێک نابینرێت، بەڵکو یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە نزیکەکان لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاوە پەیامێکی سیاسیی روونی تێدایە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی ناکۆکییەکانی نێوان دوو حیزبە فەرمانڕەواکە لە چوارچێوەی ململانێی سیاسییەوە پەڕیوەتەوە بۆ قۆناغی "ناکۆکی شەخسی"، ئەمەش پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم قورستر دەکات.
هاوکاریی نێوەندگیری و پەیامە دژبەیەکەکان
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی کردبوو، چاوەکان لەسەر ئەوەبوون رۆڵی لەخاو کردنەوەی بارگرژییەکاندا هەبێت. هاوشان لەگەڵ هەوڵەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و چەندین کەسایەتیی تر کە خەریکی نێوەندگیری بوون لە نێوان پارتی و یەکێتیدا. بەڵام هاوکاتبوونی بڕیارەکەی دادگای هەولێر لەگەڵ ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە، نیشانەی قوڵیی درز و ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو لایەنە.
هاوپەیمانێتی نوێ و بەرەی دژبەر
لە لایەکی دیکەوە و هاوكات لەگەڵ بڕیارەکەی دادگا، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند کە حیزبەکەی رێککەوتنی فەرمی لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ واژۆ دەکات. بەپێی ئەم لێدوانە بێت، یەکێتی بەبێ نەوەی نوێ ناچێتە هیچ گفتوگۆیەکەوە لەگەڵ پارتی، لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان بە توندی دژی ئەم مەرج و هاوپەیمانێتییە نوێیەیە.
ئەم هەنگاوەی یەکێتی بێ پێشینە نییە؛ ناوەڕاستی هەفتەی رابردووش وتەبێژی نەوەی نوێ ئاماژەی بە کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز و دەرکردنی بڕیاری گرنگ کردبوو، هەرچەندە کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا، بەڵام دیارە پاشبنەمای واژۆکردنەکە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە.
پەرلەمان یان حکومەت؟
له نوێترین پێشهاتیشدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە "دەبێت پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە". لێدوانەکەی سەرۆکی حکومەت لە کاتێکدایە کە کێشە و ناکۆکییە سەرەکییەکانی ئێستا لەسەر شێوازی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتن نەک کاراکردنەوەی پەرلەمان.
جەختکردنەوە لەسەر دۆسیەی پەرلەمان لەم کاتەدا، ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ گەیشتوونەتە بنبەست و دووچاری چەقبەستووییەکی تەواو بوونەتەوە، لایەنەکانیش هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ خاڵێکی هاوبەش.