بۆچی پێویستە عەبدوللەتیف سەلەفی لە چوارچێوەی قانون مامەڵەی لەگەڵ بکرێ؟
٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٢٢ پاش نیوەڕۆ
کەمال چۆمانی
دو سەرنج:
١. بۆچی پێویستە عەبدوللەتیف سەلەفی لە چوارچێوەی قانون مامەڵەی لەگەڵ بکرێ؟
٢. بۆچی خودی یەکێتی هۆکارە بۆ فەرمانی دەستگیرکردنی دو رۆژنامەنوسی کەناڵ ٨؟
یەکەم:
لەنێوان زانکۆ و کۆمەڵگا گرێبەستێکی ئەخلاقیی نەنوسراو هەیە؛ کۆمەڵگا متمانەی بەخشیوە بە زانکۆکان و پێگەیەکی باڵای بە دەزگای زانکۆ و مامۆستاکان و پرۆفیسۆرەکان بەخشیوە. لە بەرانبەریشدا، کۆمەڵگا چاوەڕوانیی ئەوە لە زانکۆ و مامۆستا و پرۆفیسۆرەکانی دەکات کە ئەو متمانەیە بپارێزن تا دایبابان و و کۆی کۆمەڵگا هەست بە سەلامەتیی بکەن چونکە منداڵەکانیان لە تەمەنێکی ناسکدا دەنێرنە بەر دەستی ئەو دەزگایە. بەشێکیش لە خوێندکارەکان تەنانەت لە ماڵەکانیشیان دوردەکەونەوە. جا لە کۆمەڵگایەیەکی محافیزکار\کۆنزەرڤاتیڤی وەکو کۆمەڵگای کوردیی، گرێبەستەکە هێندەی تر دەبێ بەجدی وەربگیرێ چونکە هەر خیانەتێک لەو متمانەیە، کاریگەرییەکی خراپ لەسەر کۆمەڵگا و زانکۆ جێدەهێڵێ.
هەروەها، لەڕوی قانونییەوە، پەیوەندیی زانکۆ، مامۆستا و خوێندکار، قانونەکانی پارلەمان و رێنمایییەکانی خوێندنی باڵا رێکیخستون. لە چوارچێوەی ئەو قانونانەدا هەر مامۆستا و پرۆفیسۆرێک پێشێلکاریی بکا، دەبێ لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێ.
بۆیە پرسی عەبدوللەتیف سەلەفی زۆر زۆر لەوە گەورەترە پرسی پیاوێکی <<ریشداری دیندار>> بێ کە لەژێر پەردەی دیندا خیانەتی لە باوەڕەکانی کردوە. ئەوە پرسێکە پێویستە خەڵکی دیندار لە مزگەوت لێپێچینەوەی لەگەڵ بکا و نابێ تێکەڵ بکرێ بە پرسێکی قانونیی. پرسی قانون قانون یەکلایی دەکاتەوە نەک بەندەکانی خوا لە مزگەوت. بۆیە، تا ئەو گرێبەستە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و قانونییەی نێوان زانکۆ و کۆمەڵگا لەلایەک و زانکۆ و خوێندکاران نەڕوخێ، پێویستە لە چوارچێوەی قانوندا مامەڵە لەگەڵ عەبدوللەتیف بکرێ. بۆیە ئەگەر عەبدوللەتیف سەلەفی توندترین سزای قانونی نەدرێ، ئەو متمانەیە شلۆق دەبێ - بێگومان ئەگەر لە وڵاتێک بوایە کە حوکمی قانون هەیە، بۆ نمونە ئەگەر لە وڵاتێکی ئەوروپی بوایە کە عەبدوللەتیف سەلەفی بە وڵاتی <بێئەخلاقی> دەزانێ، بەدڵنیایی فەسڵدەکرا-.
بێگومان، عەشق دەبێ ئازاد بێ، هەرکەسێک رێ لە عەشق بگرێ، رێ لە ژیان دەگرێ، رێ لە جوانی دەگرێ، مرۆڤ بێبەش دەکات لە هەستێک کە جگە لە خودی لە عەشق-دا-بون، زەحمەتە وەسفکردنی. بەڵام، بەدڵنیایی خراپبەکارهێنانی دەستەڵات جا دەستەڵاتی سیمبۆلی بێ لە زانکۆ یا دەستەڵاتێک کە لە چوارچێوەی قانون پێت بەخشراوە بۆ سێکس، بەتایبەتتریش لەنێوان پرۆفیسۆرێکی بەتەمەن و خوێندکارێکی کچی تازەپێگەییشتو، دەبێ وەک پرسێکی قانونی تەماشابکرێ و گفتوگۆکە بەلاڕێدانەبرێ و ببێتە ململانێی نێوان دو بەرەی دیندار و نادیندار.
دوەم: کەناڵ٨ رایگەیاند کە بە واژۆی وەزیری ناوخۆ، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی بۆردی کەناڵ8 و پێشکەشکارێکی دەرچو، تۆمەتەکەش خراپ بەکارهێنانی مۆبایلە.
قانونی خراپبەکارهێنانی مۆبای ساڵی ٢٠٠٨ دەرچو. ئەو قانونە لە سەردەمێک دەرچو کە یەکێتی و پارتی رێککەوتننامەی ستراتجییان هەبو. عەدنان موفتی سەرۆکی پارلەمان بو. واتا پارلەمان زیاتر لەژێر کۆنترۆڵی یەکێتی بو تا پارتی. یەکێتی و پارتی بۆیان دەرکەوت کە قانونی رۆژنامەوانی پێویستە کۆنترۆڵ بکرێ، بۆیە پێکەوە هەڵسان قانونی ژمارەی ٦ی ساڵی ٢٠٠٨یان دەرکرد بە ناوی <<یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان - عێراق< کە لە مادەی دو تەقریبەن کۆی ئازادیی قسەکردن و رەخنەکردن بەتەواوی دەکوژرێ. لەو رۆژگارەوە تا ئەمڕۆ ئەو دو هێزە بەبەردەوامی لەڕێی ئەو قانونەوە رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان پێ سزا دەدەن.
قانونێک بنەماکانی داڕشتنی دیموکراتیک و ئینساندۆست نەبن، بەدڵنیایی نەتیجەکەی هەر ئەوە دەبێ کە بینیومانە. ئێستا ئەو قانونە دژی خودی یەکێتی خۆی بەکاردێتەوە و پارتی لەڕێی ئەو قانونەوە کە لەگەڵ یەکێتی پێکەوە دەریان کردوە، رۆنامەنوسی یەکێتی پێ سزا دەدەن.
قانونی نادیموکراتیک نابێ رێزی لێ بگیرێ و دەبێ رەتبکرێتەوە. یەکێتی بەرپرسیارە لەو قانونە. ئەگەر یەکێتی راست دەکات لەگەڵ پارتی جیاوازە، دەبێ ئەو قانونە نادیموکراتانە جارێکی تر لەگەڵ هێزەکانی دی هەوڵبدا هەمواربکرێنەوە نەک تەنها پێیوابێ لەڕێی پۆستەکانەوە دەتوانێت هاوبەشیی راستەقینە بێ. ئەگەر ئەوە نەکا، یەکێتی لە راستیدا نایەوێ حکومڕانییەکی جیاواز هەبێ، بەڵکو تەنها دەیەوێ وەک پارتی بێ بەڵام پارتی پێیوایە یەک پارتی بەسە و دوان قەرەباڵغی دروستدەکەن.