وەرچەرخان لە واشنتۆن؛ لایەنگرانی ترەمپ گڵۆپی سەوز بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێران هەڵدەکەن
٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٢٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا لە ڕابردوودا ڕای گشتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە گشتی دژی شەڕ بووە و بەردەوام گوشاری لەسەر بڕیاردەرانی واشنتۆن دروست کردووە بۆ کۆتایهێنان بە ململانێ و "شەڕە بێ کۆتاییەکان"ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە نێو لایەنگرانی بزووتنەوەی "MAGA"ی سەر بە دۆناڵد ترەمپدا، بەڵام راپرسی نوێ ئاماژە بە وەرچەرخانێکی گەورە دەکەن.
د.نەوزاد هیتوتی، شرۆڤەکاری سیاسی، تیشک دەخاتە سەر ڕاپرسییەکی نوێی ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" کە نیشانی دەدات گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و پێچەوانە لە بۆچوونی کۆمەڵگەی ئەمریکیدا بەرامبەر دۆسیەی ئێران هاتووەتە ئاراوە.
وەرچەرخانی لایەنگرانی ترەمپ بەرامبەر تاران
بەپێی شیکارییەکانی ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە بۆ ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکە، بە پێچەوانەی زۆربەی ڕاپرسییەکانی ڕابردوو، ئێستا زۆرینەی گەلی ئەمریکا و بەتایبەتی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ، پێیان وایە باشترە واشنتۆن هەنگاو بۆ گۆڕینی ڕژێم لە ئێران بنێت، نەک ئەوەی بچێتە ژێر باری واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی نوێ لەگەڵ تاراندا.
ئەنجامەکان قووڵیی جیاوازیی بۆچوونەکان دەردەخەن، بەڵام ئاراستەی تێڕوانینی کۆمارییەکان بە تەواوی ڕوون و یەکلاکەرەوەیە؛ بە شێوەیەک لەنێو دەنگدەران و پشتیوانانی بزووتنەوەی MAGAدا، نزیکەی ٥١٪ی کۆمەڵگەکە پشتیوانی لە بژاردەی گۆڕینی ڕژێمی سیاسیی ئێران دەکەن، لە بەرامبەردا تەنیا ٢٥٪یان هاوڕان لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.
هاوکێشە نوێیەکە چۆن کاریگەری لەسەر بڕیاری واشنتۆن دادەنێت؟
نەوزاد هیتوتی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم گۆڕانکارییە، بەتایبەت لەنێو لایەنگرانی ترەمپدا، لە ڕادەبەدەر جێگەی سەرنجە و دەکرێت لە داهاتوودا کاریگەریی ڕاستەوخۆ و خێرا لەسەر ئاراستەی دانوستانەکان و بڕیارە ستراتیژییەکانی ئەمریکا دابنێت.
لە ڕابردوودا، یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی دوودڵیی سەرکردە و سەرۆکە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا بۆ بیرکردنەوە لە بژاردەی سەربازیی و ڕووخاندنی ڕژێمی تاران، ترسیان بووە لە کاردانەوەی توندی ڕای گشتی و هەڵوێستی دەنگدەرانی ناوخۆ. بەڵام ئێستا بە سەوزبوونی گڵۆپی لایەنگرانی ترەمپ، هاوکێشە سیاسییەکە بەتەواوی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و دەستی بڕیاردەرانی کۆمارییەکان بۆ گرتنەبەری سیاسەتی توندتر بەرامبەر ئێران واڵاتر دەبێت.