لە متمانەی ڕەهاوە بۆ بایکۆت؛ چۆن رەبیع مەدخەلی پێگەی عەبدوللەتیف سەلەفی بەهێز کرد؟

٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٣٨ پاش نیوەڕۆ

لە متمانەی ڕەهاوە بۆ بایکۆت؛ چۆن رەبیع مەدخەلی پێگەی عەبدوللەتیف سەلەفی بەهێز کرد؟

پەنجەرە

مێژووی سەرهەڵدان و گەشەکردنی ڕەوتی سەلەفیەت لە هەرێمی کوردستان، بەستراوەتەوە بە زنجیرەیەک گۆڕانکاریی و ململانێی ناوخۆیی کە زۆرجار سەرچاوەکەیان فەتوا و ڕاکانی زانایانی گەورەی عەرەبستانی سعوودی بووە. 
یەکێک لە دیارترین ئەو وەرچەرخانانە، پەیوەندی نێوان شێخ رەبیع مەدخەلی (زانای پێشووی سەلەفییەکان) و دکتۆر عەبدوللەتیف سەلەفی بوو؛ پەیوەندییەک کە لە ستایشێکی بێوێنەوە گۆڕا بۆ بایکۆتێکی ڕەها.

٢٠١١: سەرەتای سەرکەوتن و باڵادەستی

لە ساڵی ٢٠١١دا، شێخ رەبیع بن هادی مەدخەلی ستایشێکی تایبەتی دکتۆر عەبدوللەتیف سەلەفی (ناسراو بە ئەبو عەبدولحەق ئەلکوردی) کرد و ڕایگەیاند: “ئەبو عەبدولحەق ئەهلی زانستە و کەسێکی باشە.”

ئەم ستایشە کورتە، تەنیا ستایشێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بووە وەرچەرخانێکی مێژوویی بۆ پێگەی عەبدوللەتیف سەلەفی لە کوردستان. بەهۆی پێگەی بەهێزی مەدخەلی لەنێو سەلەفییەکاندا، ئەم قسەیە بووە هۆی کۆبوونەوەی بەشێک لە سەلەفییەکانی ناوچەکە لەدەوری عەبدوللەتیف و زاڵبوونی بەتەواوەتی بەسەر گروپ و ڕەوتە ڕکابەرەکانی تری سەلەفیدا.

٢٠١٧: وەرچەرخانە گەورەکە و کشانەوەی متمانە

دوای شەش ساڵ لە باڵادەستی، هاوکێشەکە بەتەواوی پێچەوانە بووەوە. لە مانگی ئایاری (٥)ی ساڵی ٢٠١٧دا، کۆمەڵێک قوتابی لە شاری کەرکووکەوە سەردانی ماڵی شێخ رەبیع مەدخەلییان کرد لە مەدینەی منەوەرە. ئەم دیدارە بووە خاڵی کۆتایی متمانەی شێخ بە عەبدوللەتیف سەلەفی.

دوای دیدارەکە، قوتابییەکان ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو: خوای گەورە منەتی بەسەردا ڕشتین بە دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ شێخ رەبیع لە ماڵە ئاوەدانەکەیدا... شێخ چەندین ئامۆژگاری زۆر بەسوودی پێ فەرمووین و هۆشداری پێداین لە دژی ئەبو عەبدولحەق کوردی (عەبدوللەتیف سەلەفی) و شوێنکەوتووە دەمارگیرەکانی.”

مەدخەلی نەک هەر هۆشداری دابوو، بەڵکو داوای بایکۆتکردنی ئەو کەسانەشی کردبوو کە لەسەر ئەم کێشەیە بێلایەنن و فەرمووبووی: «گومانی زۆرم وایە کە سەرچاوەی داراییەکەی لە کۆمەڵەی التراثەوە بێت.”

ئەم گۆڕانی هەڵوێستە لە کاتێکدا بوو کە ئیتر عەبدوللەتیف سەلەفی پێگەیەکی جەماوەری و دارایی بەهێزی لە کوردستاندا جێگیر کردبوو، بۆیە کشانەوەی متمانەی شێخ نەبووە هۆی ڕووخانی تەواوەتی پێگەکەی.

شێخ رەبیع مەدخەلی کێیە و کێ جێگەی گرتووەتەوە؟

 شێخ رەبیع بن هادی مەدخەلی، زانایەکی ئاینی گەورەی سعوودی بوو، لە ساڵی ١٩٣٣ لەدایکبوو و لە ساڵی ٢٠٢٥ کۆچی دوایی کرد.
 
ئەو ڕێبەر و مەرجەعی یەکەمی سەلەفییەکان بوو لە جیهانی ئیسلامیدا، بە جۆرێک کە شوێنکەوتووانی ئەم ڕەوتە بەناوی نازناوی ئەوەوە بە “مەدخەلی” دەناسرێنەوە.
 
دوای کۆچی دوایی شێخ رەبیع لە ساڵی ٢٠٢٥، لە ئێستادا شێخ ساڵەح فۆزان جێگەی گرتووەتەوە و وەک زانا و مەرجەعی سەرەکیی ئەم ڕەوتە ڕۆڵ دەگێڕێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو