ملوێنەها دۆلار و ملیارەها دینار؛ دۆسیەی گەندەڵی دوو بەرپرسی سوننە بەغداد دەهەژێنێت

٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٤٠ پاش نیوەڕۆ

ملوێنەها دۆلار و ملیارەها دینار؛ دۆسیەی گەندەڵی دوو بەرپرسی سوننە بەغداد دەهەژێنێت

پەنجەرە

لایەنە سیاسییە سونەکانی عێراق لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی خەریکە کاردانەوە دەنوێنن، ئەمەش دوای دەستگیرکردنی ژمارەیەک بەرپرسی حکومی سونە بەتۆمەتی گەندەڵی.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار، لایەنە سوننەکان پەیامێکی پڕ لە نیگەرانییان ئاڕاستەی لایەنە شیعەکان کردووە، سەبارەت بەو شەپۆلی دەستگیرکردنەی کە لەم دواییانەدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حکومی گرتووەتەوە.

دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوت

یەکێک لە دیارترین ئەو بەرپرسە سوننانەی کە دەستگیرکراون، عه‌دنان جومه‌یلی، بریكاری وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقە. بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق، تا ئێستا دەست بەسەر بڕێکی پێوانەیی لە پارە و موڵکی ناوبراودا گیراوە کە پێکهاتووە لە:
 پارەی کاش: 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و 31 ملیار دیناری عێراقی.
 کەلوپەلی بەنرخ: نزیکەی 3 کیلۆگرام زێڕ.
 موڵک و ئۆتۆمبێل: گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بۆ دەستبەسەرداگرتنی 70 خانوو و 21 ئۆتۆمبێل.

حەشارگەی پارەکانی بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبا

لەلایەکی دیکەوە، عەلا سەمیر جبوری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشكردنی كارەبای ناوەڕاست کە ئەویش بەرپرسێکی پێکهاتەی سوننەیە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە کە دوای لێکۆڵینەوە و دانپێدانانی جبوری، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەستەی دەستپاکی هەڵیانکوتاوەتە سەر باخێکی ناوبراو و لەوێدا دەستیان بەسەر 76 ملیار دیناری عێراقیدا گرتووە. هاوکات تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە خاوەنی چەندین ڤێلا، خانوو، شوقەی نیشتەجێبوون و باڵەخانەی گرانبەهایە لە ناوچە جیاجیاکانی شاری بەغداد.

سوننەکان: دەکرێینە ئامانج

سەرچاوە سیاسییەکەی پەنجەرە ناوەڕۆکی پەیامی ناڕەزایەتی لایەنە سوننەکانی بۆ هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لایەنە شیعەکان ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: "لایەنە سوننەکان پێیان وایە ئەم هەڵمەتە ڕەهەندی سیاسی هەیە و تەنها بەرپرسانی ئەوان دەکرێنە ئامانج. نیگەرانییەکە لەوەدایە کە لە کاتی دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی زەیدییەوە تا ئێستا، هیچ بەرپرسێکی باڵای شیعە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر نەکراوە، ئەمەش گومان لە بێلایەنیی پرۆسەکە دروست دەکات."

ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە کە شەقامی عێراقی بە چاوێکی پڕ لە گومانەوە دەڕوانێتە ململانێی هێزە سیاسییەکان لەسەر پۆست و دۆسیەکانی گەندەڵی، کە زۆرجار وەک کارتی فشار دژی یەکتر بەکاری دەهێنن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو