پارتی بەرەو کاراکردنەوەی یەک لایەنەی پەرلەمان هەنگاو دەنێت؛ سیناریۆ و بەربەستەکان
٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٤٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە بنبەست، پارتی دیموکراتی کوردستان بژاردەی کاراکردنەوەی یەک لایەنەی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکات. ئەم هەنگاوە وەک فشارێک یان چارەسەرێکی کۆتایی سەیر دەکرێت ئەگەر نەگەیشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام بێت.
لە کۆتا پەیامیشیدا سەبارەت بەم پرسە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "پەرلەمان پەرلەمانی خەڵکە و دەبێت کارا بکرێتەوە."
هاوکێشەی ژمارەکان؛ پارتی چۆن نیسابی یاسایی تەواو دەکات؟
بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، سازدانی یەکەم کۆبوونەوە و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، پێویستە نیسابی یاسایی کۆبوونەوەکە تەواو بکرێت، کە بریتییە لە ڕێژەی (50+ 1) واتە ئامادەبوونی ٥١ پەرلەمانتار لەکۆی ١٠٠ پەرلەنانتار.
پلان و بانگەشەی پارتی
بەرپرسانی پارتی لە کۆبوونەوە داخراوەکانیاندا ئاماژە بەوە دەکەن کە توانیویانە بەڵێنی بەشداریکردن لە کۆمەڵێک پەرلەمانتاری لایەنەکانی دیکە وەربگرن بۆ مسۆگەرکردنی نیسابی یاسایی.
لەکاتێکدا تا ئێستا هیچ پەرلەمانتار یان لایەنێکی سیاسی بە فەرمی ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە ڕانەگەیاندووە.
پارتی لە ئێستادا سەرنجی خۆی خستووەتە سەر "کاراکردنەوەی پەرلەمان" و هیچ ئاماژەیەک بە پرسی پێکهێنانی حکومەت ناکات، کە خۆی لە خۆیدا چەق و سەرچاوەی سەرەکی کێشە و گرفتەکانە.
بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم پارتی
تەنانەت ئەگەر پارتی سەرکەوتووش بێت لە کۆکردنەوەی ٥١ پەرلەمانتار و کاراکردنەوەی پەرلەمان، هێشتا ڕووبەڕووی دوو گرفتی ستراتیژی گەورە دەبێتەوە:
1. بەرەی فراوانی ئۆپۆزسیۆن: سەرجەم لایەنە براوەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی ئۆپۆزسیۆنیان ڕاگەیاندووە.
2. قەیرانی شەرعیەت و گۆشەگیریی حکومەت: پێکهێنانی حکومەت بە تەنیا لەلایەن پارتییەوە و بەبێ بەشداری لایەنەکان، شەرعیەتی حکومەتی نوێ لاواز دەکات و قەیرانە قووڵەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی بەرەو تەقینەوە دەبات.
کات لە بەرژەوەندی هەرێمدا نییە
ئەم بنبەستە سیاسییە لە کاتێکدایە کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادە یاساییەکەی بەرەو کۆتایی دەچێت. لە بەرامبەردا، هەرێمی کوردستان خاوەنی کۆمیسیۆنی چالاکی خۆی نییە تا بتوانێت سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردن بکات، ئەمەش هەرێمەکە دەخاتە بەردەم بۆشاییەکی یاسایی و دەستوورییەوە.