لەبارەی جنێوەکەی بافڵ تاڵەبانییەوە؛ ئایا سەرۆکی حزبەکان بۆیان هەیە سوکایەتی بە ڕۆژنامەنووسان بکەن؟
٢٦ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٧:١٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەکارهێنانی دەستەواژەی "حوشتر" لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسێک، شۆکێکی گەورەی درووستکردووە، هاوکات شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و نیگەرانیی لێکەوتەوە.
ئەم ڕووداوە تەنیا وەک هەڵەیەکی زمانەوانی نابینرێت، بەڵکو پرسیارێکی جەوهەریی دەوروژێنێت لەبارەی ئەوەی ئایا بەرپرسان تا چ ئاستێک دەتوانن بەو زمان و ئاستە قسە لەگەڵ هاوڵاتیان و لەنێویشیاندا ڕۆژنامەنووسان بکەن؟
"بێدەنگییەکە سامناکە"
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ڕووداوەکە بە "سوکایەتییەکی شەرمەزارکەر" وەسف دەکات.
ڕێکخەری سەنتەرەکە ئاماژە بەوە دەدات کە ئەم جۆرە مامەڵەیە نەک هەر سوکایەتییە بە کەسی ڕۆژنامەنووسەکە، بەڵکو بێڕێزییەکی گەورەیە بە پیشەی ڕۆژنامەگەری و تەواوی دامەزراوە میدیاییەکان.
میترۆ ڕەخنەی توند لە "بێدەنگیی" لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەگرێت و ئەو بێدەنگییە بە "سامناک و خەمناک" ناوزەد دەکات، بەو پێیەی سەندیکا دەبوو یەکەم لایەن بێت بۆ بەرگری لە کەرامەتی ئەندامانی.
لەبەرامبەردا، لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا، دەڵێت: "هەر میدیاكارێك ئەندام بێت یان ئەندام نەبێت، بزانێت مافی خوراوە یان پێشێلكاریی و سوكایەتی بەرانبەر كراوە، هەنگاوی یەكەم دەبێت لەرۆژنامەنووسەكەوە دەست پێبكات و بەناوی ئاشكرای خۆیەوە لەنزیكترین بنكەی پۆلیس سكاڵایەك تۆمار بكات."
چوارچێوەی یاسایی: ئایا یاسا ڕێگە دەدات؟
لە ڕووی یاساییەوە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چ نێودەوڵەتی، هیچ پاساوێک بۆ سوکایەتیکردن بە ڕۆژنامەنووس نییە.
یاسای ڕۆژنامەگەریی کوردستان (ژمارە ٣٥ـی ساڵی ٢٠٠٧)، لە ماددەکانی نێویدا جەخت لە پاراستنی شکۆی ڕۆژنامەنووس دەکات.
بەپێی یاساکە، هەر جۆرە ڕێگرییەک یان سوکایەتیکردنێک بە ڕۆژنامەنووس لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیدا، بە لادان لە یاسا دادەنرێت.
هاوکات بەرپرسان پابەندکراون بەوەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ کارکردنی میدیا دابین بکەن، نەک ببنە سەرچاوەی هەڕەشە و سوکایەتی.
لەئاستی جیهانییشدا، جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ئازادیی ڕادەربڕین، جەخت دەکەنەوە کە کەسایەتییە گشتییەکان دەبێت سنگفراوانتر بن لە ئاست ڕەخنە و پرسیارەکان. بەکارهێنانی ناوی ئاژەڵ یان وشەی نەشیاو بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووس، وەک توندوتیژیی دەروونی و هەوڵ بۆ بێدەنگکردن دەبینرێت.
زیاتر لە جنێوێک
سوکایەتیکردن و جنێودان بە ڕۆژنامەنووسان بە بەکارهێنانی وشەی "حوشتر" یان هەر دەستەواژەیەکی تر، تەنیا لادان نییە لە ئەتەکێتی قسەکردن، بەڵکو بەزاندنی هێڵە سوورەکانی ئەخلاقی سیاسییە، جگە لە پێشێلکردنی یاسا.
مەترسییەکەش ئەوەیە کە کاتێک سەرۆکی حزبێکی گەورە سوکایەتی بە ڕۆژنامەنووسێک دەکات، ئەوا پەیامێکی ناڕاستەوخۆ دەداتە کادیرانی خوارەوەی کە ئەوانیش دەتوانن هەمان ڕەفتار دووبارە بکەنەوە، ئەمەش ژینگەی کارکردن بۆ میدیاکاران مەترسیدار دەکات.