پەرتەوازیی لە ماڵی سەلەفییەکاندا؛ کاندیدە دیارەکانی جێگرتنەوەی د. عەبدوللەتیف کێن؟

٢٦ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٧:٢٠ پاش نیوەڕۆ

پەرتەوازیی لە ماڵی سەلەفییەکاندا؛ کاندیدە دیارەکانی جێگرتنەوەی د. عەبدوللەتیف کێن؟

پەنجەرە

لیژنەی لێکۆڵینەوەی زانکۆی سلێمانی بە فەرمی کۆتایی بە بەدواداچوونەکانی هێنا سەبارەت بەو دۆسیەیەی کە لەسەر د. عەبدوللەتیف سەلەفی کرابووەوە. بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕاستی و دروستیی ئەو تۆمەتانەیان سەلماندووە کە ئاراستەی ناوبراو کرابوون.

ئەم یەکلاییبوونەوەیە تەنها سەرەتایەک نییە بۆ دروستبوونی گرفتی یاسایی و کارگێڕی بۆ د. عەبدوللەتیف، بەڵکو رەنگە ئەمە خاڵی کۆتایی بێت بۆ قۆناغی ڕێبەرایەتیکردنی ڕەوتی سەلەفی لەلایەن ئەوەوە.

پاشەکشەی پێگە و زەبرە کوشندەکە

پێش سەرهەڵدانی ئەم دۆسیە نوێیانەش، پێگەی د. عەبدوللەتیف سەلەفی لەنێو ماڵی سەلەفییەکاندا بەراورد بە چەند ساڵێک لەمەوبەر ڕووی لە لاوازی کردبوو؛ بەجۆرێک کۆمەڵێکی زۆر لە مەلایانی هاوباوەڕی پشتیان تێکردبوو. بەڵام دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە، وەک زەبرێکی کوشندە و گەورە لە پێگەی ئاینی و کۆمەڵایەتی ئەو سەیر دەکرێت.

لە ئێستادا پرسیاری سەرەکی نێو ناوەندە ئاینی و سیاسییەکان ئەوەیە: دوای دۆخی د. عەبدوللەتیف، کێ دەبێتە میراتگری کورسیی ڕێبەرایەتی سەلەفییەکان لە کوردستان؟

کاندیدە دیارەکان بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکە

گەرچی ڕەوتی سەلەفی چەندین کەسایەتی دیاری هەیە، بەڵام پرسی جێگرتنەوەی د. عەبدوللەتیف یان تەواوکردنی ئەرکەکانی، چەند ناوێکی هێناوەتە پێشەوە:

مەلا عەبدولکەریم سەلەفی: پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی (ئیمان) لە شاری سلێمانی. یەکێکە لە دەموچاوە دیارەکان و ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی سەلەفی لەدەوری کۆبوونەتەوە. هەرچەندە پەیوەندییەکانی لەگەڵ د. عەبدوللەتیف خراپە، بەڵام وەک کەسایەتی بەهێزی نێو ئەم رەوتە دەبینرێت، تەنها گرفتی ئەوەیە کە دوور نییە لایەنگرە سەرسەختەکانی پێشووی عەبدوللەتیف بە ئاسانی ڕووی تێبکەن.

مەلا بەهمەن کەلاری: بە یەکێک لە کەسایەتییە هەرە بەهێزەکانی ناو ڕەوتەکە دادەنرێت. هاوشێوەی د. عەبدوللەتیف خوێندنی ئاینی لە وڵاتانی عەرەبی تەواو کردووە و خاوەن پێگەیەکی بەهێزە لەنێو گەنجان و مەلایانی سەلەفیدا.

خاڵی جیاکەرەوەی مەلا بەهمەن: پێچەوانەی د. عەبدوللەتیف، حەزی بە دەرکەوتنی میدیایی نییە و تەنانەت وتارەکانیشی بەبێ ڤیدیۆ بڵاودەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ زانایانی عەرەبی هەیە، بە جۆرێک دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ د. عەبدوللەتیف، شێخ ڕەبیع مەدخەلی (یەکێک لە گەورە ڕێبەرانی سەلەفیەت لە جیهاندا) خۆی دەستوەردانی لە دۆسیەکەدا کرد.

مەلا جومعە کەرکوکی و مەلا خەلیل ئەحمەد: دوو کەسایەتی ناسراو و خاوەن قورسایی ترن کە ناتوانرێت لە هاوکێشەی داهاتووی سەلەفییەتدا فەرامۆش بکرێن.

کێشەی پێکهاتەیی: پەرتەوازیی و نەبوونی ناوەندێکی بڕیار

گەورەترین بەربەست لەبەردەم یەکگرتنەوەی سەلەفییەکاندا دوای د. عەبدوللەتیف، سروشتی پێکهاتەکەیانە. ڕەوتی سەلەفی لە کوردستان بەش بەش بووە؛ هەر مەلا و کۆمەڵێک گەنجی لەدەوری خۆی کۆکردووەتەوە و وەک ڕێکخراوێکی دامەزراوەیی و تۆکمە خاوەنی یەک بڕیاری هاوبەش نین.
زۆربەی دەموچاوە دیارەکانی ئێستای سەلەفییەکان، یان باوەڕیان بەو جۆرە کارکردنە نییە، یان هاوشێوەی د. عەبدوللەتیف حەوسەڵە و تاقەتی گەشت، سەردان و دروستکردنی تۆڕی فراوانی پەیوەندییەکانیان نییە، ئەمەش وا دەکات گێڕانی هەمان ڕۆڵی پێشووی ئەو بۆ ئەوان ئەستەم بێت.

سامی مستەفا مزووری، یەکێکیترە لە کەسایەتییە بەهێزەکانی سەلەفی لە هەولێر.

کۆتایی

د. عەبدوللەتیف سەلەفی لە ئێستادا لە بەردەم قورسترین تاقیکردنەوەی ژیانی دایە. هێشتا ڕوون نییە ئایا دەتوانێت لەم زریانە ڕزگاری بێت و جارێکی تر بگەڕێتەوە سەر شانۆی ڕێبەرایەتی، یان دەرەنجامی ئەم دۆسیانە بۆ هەمیشە گۆڕەپانی ململانێ ئاینییەکەی پێ چۆڵ دەکەن و لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی سەلەفییەت لە کوردستان دەنووسرێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو