تەقینەوەی دۆسیەی ئەیاد جەوهەر؛ لە بەڕێوەبەرایەتی نەوتەوە بۆ داوی "سەرانەسەندنی ئەلیکترۆنی"
٢٦ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٧:٢١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەیاد جەوهەر، بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای پڕۆژە نەوتییەکان، پەردە لەسەر راستیی ئەو گرتە ڤیدیۆییە لادەبات کە لە چەند رۆژی رابردوودا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە و رایگەیاند کە رووبەڕووی زنجیرەیەک هەڕەشەی جددی و سەرانەسەندن بووەتەوە.
جەوهەر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای خانەنیشینبوونی لە ساڵی ٢٠٢٥، لە ڕێگەی چەند هێڵێکی جیاوازی "کۆڕەک و زین"ـەوە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە دەستیان بە هەڕەشەکردن لێکردووە. سەرەتا وەڵامی پەیوەندییەکانی نەداوەتەوە، بەڵام دواتر هەڕەشەکان قۆناغی مەترسیدارتریان بڕیوە.
ئەیاد جەوهەر وتی: بۆ دەستکەوتنی پارەیەکی خەیاڵی، جارێک هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و جارێکیش ڤیدیۆیان لێدەکردم."
ناوبراو راشیگەیاند کە بۆ پاراستنی خۆی و سەلماندنی بێتاوانیی، سەردانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی کردووە و بە فەرمی سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو تۆمەتبارانە تۆمار کردووە کە هەوڵی جێبەجێکردنی پلانەکەیان دەدا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای پڕۆژە نەوتییەکان باسی لە ژیانی پیشەیی و تایبەتی خۆی کرد و وتی: "من ٤١ ساڵ خزمەتم لە سەرجەم پارێزگاکاندا هەیە. لە قۆناغی کۆتایی کارکردنیشمدا بەهۆی تووشبوونی هاوسەرەکەم بە نەخۆشییەکی کوشندە، سەردانی وڵاتی هیندستانمان کرد، بەڵام بەداخەوە دواتر کۆچی دوایی کرد، و ئەم هەڵمەتی هەڕەشەکردنەش رێک دوای خانەنیشینبوونم دەستی پێکرد."