لە نێوان هۆشیار زێباری و بافڵ تاڵەبانیدا؛ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان بوونەتە وێستگەی نمایشی سیاسی

٢٦ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٧:٢٤ پاش نیوەڕۆ

لە نێوان هۆشیار زێباری و بافڵ تاڵەبانیدا؛ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان بوونەتە وێستگەی نمایشی سیاسی

پەنجەرە

لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی، شاندێکی فەرمی بۆ سەردانیکردنی حیزب و لایەنە سیاسییەکان پێکهێنابوو، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زنجیرەیەک سەردانی هاوتەریبی بۆ لای هەمان ئەو لایەنانە دەستپێکرد؛ هەنگاوێک کە لەلایەن چاودێرانەوە وەک وەڵامدانەوەی دەستپێشخەری بە دەستپێشخەری و ڕکابەرییەکی توندی نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لێکدەدرێتەوە.

پێشتر شاندەکەی پارتی بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری، کۆبوونەوەی لەگەڵ (کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان) ئەنجامدابوو. لە وەڵامێکی خێرادا، بافڵ تاڵەبانی سەردانی هەمان ئەو سێ لایەنەی کردەوە، ئەمەش دەریدەخات کە هەریەکە لە پارتی و یەکێتی بە جیا هەوڵی نزیکبوونەوە لە هێزە سیاسییەکان و ڕاکێشانیان بۆ بەرەی خۆیان دەدەن.

گوتاری یەکێتی؛ تێکدانی باڵانسی هێز و کۆتاییهێنان بە قۆرخکاریی

بەپێی زانیارییەکان، بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، ڕەخنەی توندی ئاراستەی پارتی کردووە و ڕایگەیاندووە کە "پارتی زۆربەی پۆستەکانی بۆ خۆی قۆرخکردووە." تاڵەبانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەردەمی قۆرخکاری کۆتایی هاتووە و چیتر قبوڵناکرێت هەموو جومگە هەستیار و بڕیارە نیشتمانییەکان لای یەک حیزب بن.
سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بە هاوکێشەی نوێی پەرلەمان کردووە و وتوویەتی: ئێستا یەکێتی و نەوەی نوێ پێکەوە هێندەی پارتی کورسییان لە پەرلەماندا هەیە، بۆیە پێویستە باڵانسی هێز ڕاستبکرێتەوە و دەسەڵاتەکان دابەش بکرێن."

ڕوانگەی چاودێران؛ کاتکوشتن و نمایشی سیاسی

سەرەڕای ئەم جموجۆڵە چڕانە، چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە کێشە ڕاستەقینەکە لەنێوان خودی پارتی و یەکێتیدایە و پەیوەندی بە لایەنەکانی دیکەوە نییە.
لەلایەکەوە، کۆمەڵ و یەکگرتوو و بەرەی هەڵوێست پێشتر پێگەی ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە و ناچنە ژێر باری هاوپەیمانێتی لەگەڵ حیزبەکانی دەسەڵات، لەلایەکی دیکەشەوە، نەوەی نوێ خۆی وەک هاوپەیمانێکی نزیکی یەکێتی نیشان دەدات. لەبەر ئەم هۆکارانە، چاودێران پێیان وایە ئەم سەردانانەی پارتی و یەکێتی بۆ لای هێزەکانی دیکە، تەنها "ئاسنی ساردکوتان، کاتکوشتن و نمایشێکی سیاسییە" و هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە کێشە سەرەکییەکەی نێوان هەولێر و سلێمانیدا دروست ناکات.
دانا ئەحمەد مەجید رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ( ئاراستەی کوردسات)، رایگەیاند، ژمارەی کورسی پەرلەمان پێوەر نییە، حکومەت بەبێ پارتی و یەکێتی پێکنایەت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو