دیوە شاردراوەکەی دۆسیەی عەبدولەتیف سەلەفی؛ کچەکە لە نێوان قوربانی و تۆمەتباردا

٢٦ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٧:٢٥ پاش نیوەڕۆ

دیوە شاردراوەکەی دۆسیەی عەبدولەتیف سەلەفی؛ کچەکە لە نێوان قوربانی و تۆمەتباردا

پەنجەرە

دۆسیەی د. عەبدولەتیف سەلەفی، کەسایەتیی ئاینی و مامۆستای زانکۆ، شەقامی هەرێمی کوردستانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کردووە. لە کاتێکدا زۆربەی ڕەخنە و هێرشە میدیاییەکان بەهۆی پێگە ئاینی و ئەکادیمییەکەیەوە ئاڕاستەی ناوبراو دەکرێن و بە "خراپ بەکارهێنانی پێگە" تۆمەتبار دەکرێت، لایەنێکی دیکەی یاسایی ئەم دۆسیەیە هێشتا لە تەمومژدا ماوەتەوە؛ ئەویش قەبارەی ئەو بەرپرسیارێتییە یاساییەیە کە دەکەوێتە ئەستۆی کچەکە.

لە کایەی گشتیدا کەمتر لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە سەیری ئەم بابەتە کراوە، بە تایبەت پرسی تۆمارکردنی دەنگ و ڕەزامەندیی لایەنەکان.

یاسا چۆن سەیری دۆسیەکە دەکات؟

شارەزایەکی بواری یاسا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند: لە ڕووی یاساییەوە، قورسایی هێڵی تۆمەتەکە زیاتر لەسەر شانی د. عەبدولەتیفە، چونکە لێکۆڵینەوەکان لەسەر بنەمای خراپ بەکارهێنانی پێگەی پیشەیی و کۆمەڵایەتی بەڕێوەدەچن. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە لایەنی دووەم بە تەواوی لە بەرپرسیارێتی بەدەر بێت."

ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ناوبراو (عەبدولەتیف سەلەفی) ڕێکاری یاسایی بگرێتەبەر و سکاڵا تۆمار بکات، کچەکەش ڕووبەڕووی لێپێچینەوە دەبێتەوە. هۆکاری ئەمەش بۆ دوو خاڵی سەرەکی دەگەڕێنێتەوە:
 تەمەنی یاسایی و ڕەزامەندی: کچەکە تەمەنی 18 ساڵی تێپەڕاندووە و بە خواستی خۆی لەگەڵ ناوبراودا هاتوچۆی کردووە.
 تۆمارکردنی دەنگ بەبێ ئاگاداری: تۆمارکردنی دەنگی کەسی و هەوڵدان بۆ دروستکردنی بەڵگە لە دژی لایەنێکی تر، لە یاسای سزادانی عێراقیدا وەک سەرپێچی یان تاوان سەیر دەکرێت، ئەگەر بەبێ ڕەزامەندیی فەرمی یان فەرمانی دادوەر بێت.

هاوسەنگیی هێزە یاساییەکان

ئەو پسپۆڕە یاساییە لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ پەنجەرە جەختی کردەوە کە هەرچەندە قەبارەی بەرپرسیارێتیی کچەکە بەراورد لەگەڵ مامۆستایەکی زانکۆ و کەسایەتییەکی ناسراودا کەمترە، بەڵام "دواجار لە دیدی یاساوە ئەویش بێتاوان نییە و ناتوانرێت وەک تەنها قوربانییەک سەیر بکرێت، ئەگەر بسەلمێنرێت بە مەبەست دەنگی تۆمار کردووە."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو