سابت عەباسی داوای وەزارەتی بەرگریی بۆ کوڕەکەی دەکات
٢٦ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٧:٢٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی وەزیرەکانی ناوخۆ و بەرگریی، پێش ئەوەی گەشتە فەرمییەکەی بۆ واشنتۆن ئەنجام بدات. بەڵام پڕۆسەی دەستنیشانکردنی وەزیر بۆ ئەو دوو وەزارەتە سیادییە، ڕووبەڕووی چەندین گرفتی سیاسی بووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، ململانێ لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی وەزارەتی بەرگری هەیە؛ سابت عەباسی، وەزیری پێشووی بەرگری و سەرکردەی دیاری عەرەبی سوننە، هەوڵی جدی دەدات بۆ وەرگرتنەوەی هەمان پۆست. لە بەرامبەردا، لایەنی زەیدی دژایەتی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە دەربڕیوە و پێدانی پۆستەکەی بە عەباسی ڕەتکردووەتەوە.
سەرچاوەکانی پەنجەرە ئاماژە بەوەش دەکەن، دوای دروستبوونی ئەو ڕێگرییانە، سابت عەباسی پێشنیارێکی نوێی خستووەتەڕوو و داوایکردووە کە پۆستی وەزارەتی بەرگری بدرێت بە کوڕەکەی، بەڵام هێشتا لایەنەکان لەسەر ئەم پێشنیارەش نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.