پاشەکەوتی مووچە بوو بە قەرز؛ فەرمانبەران دەتوانن سکاڵا لەسەر حکومەت تۆمار بکەن؟

٢٦ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٧:٣١ پاش نیوەڕۆ

پاشەکەوتی مووچە بوو بە قەرز؛ فەرمانبەران دەتوانن سکاڵا لەسەر حکومەت تۆمار بکەن؟

پەنجەرە

کایەی یاسایی و دارایی لە هەرێمی کوردستان مژارێکی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت، دوای ئەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بە فەرمی وەک قەرز ناسێندرا. لەمبارەیەوە، چۆمان محەمەد، پسپۆڕی بواری یاسا لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە رایگەیاند کە راگەیاندنی وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە گۆڕینی پاشەکەوتی مووچە بۆ "قەرز"، سەنەدێکی یاسایی بەهێز و خاڵێکی وەرچەرخانە بۆ فەرمانبەران.

ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕابردوودا دەوترا ئەم پارەیە لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە، بەڵام ئەم دانپێدانانە نوێیەی حکومەتی هەرێم دەروازەیەکی یاسایی واڵا دەکات بۆ ئەوەی فەرمانبەران بتوانن لە دادگاکان سکاڵا تۆمار بکەن و داوای مافە داراییەکانیان بکەنەوە. جەختیشی کردەوە ئەم قەرزە ئیمتیاز و ئەولەویەتی هەیە، چونکە مافی شەرعی فەرمانبەرە و دەبێت بدرێتەوە.

قەرزێک لەجێی نەبوو؛ ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕانەوەی پارەکە

سەرباری گرنگیی لایەنە یاساییەکەی، چۆمان محەمەد تیشکی خستە سەر دۆخی دارایی ئێستای هەرێم و وتی: گەر سەیری دۆخی نالەبار و قاسە بەتاڵەکەی حکومەت بکەین، دانەوەی ئەم قەرزە کارێکی زۆر قورسە. لە یاسادا چەمکێک هەیە پێیدەوترێت (قەرزێک لەجێی نەبوو)، واتە بەهۆی دۆخی داراییەوە، چانسی وەرنەگرتنەوەی ئەم پارەیە زیاترە لە چانسی وەرگرتنەوەی، و ئەم قەرزەی فەرمانبەرانیش لەم جۆرەیە.

پێشنیازی «مەقاسە» بۆ کرێی ئاو و کارەبا

وەک چارەسەرێکی گونجاو بۆ سوودمەندبوونی فەرمانبەران لەو قەرزە، ئەو پسپۆڕە یاساییە پێشنیازی پرۆسەی "مەقاسە" (قەرەبووکردنەوەی هاوشێوە) دەکات و دەڵێت: ئەم قەرزە دەکرێت لەبری پارەی ئاو، کارەبا و ڕسووماتەکانی دیکەی حکومەت ئەژمار بکرێت.
لە کۆتاییدا چۆمان محەمەد ڕوونکردنەوەی دا کە پرۆسەی مەقاسە تەنیا بە دوو ڕێگا دەبێت، یان بە بڕیاری دادگا، یان بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران. ئەگەر حکومەت بڕیار بدات ئەم قەرزە بخاتە جێگەی شایستەکانی ئاو و کارەبا، ئەوا هەنگاوێکی زۆر گرنگ و سوودبەخش دەبێت بۆ کەمکردنەوەی باری گرانی سەر شانی هاووڵاتیان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو