“دەروێشی کوێر” و دوعای فیتنە؛ کاتێک سەلەفییەکانی کوردستان کتێب دژی یەک دەنووسن
٢٦ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٧:٣٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، کاتێک شەپۆلی گەڕان بەدوای زانستی شەرعیدا گەنجانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، وڵاتی یەمەن بوو بە وێستگەی روولێکردنی ژمارەیەک گەنجی سەلەفی.
ئەوان بە مەبەستی خوێندنی ئاینی، ڕوویان لە لای زانای دیاری سەلەفی، شێخ موقبیل بن هادی ئەلوادیعی (١٩٣٣ - ٢٠٠١) کرد. بەڵام کەس پێشبینی ئەوەی نەدەکرد ئەو گەنجانەی لەسەر یەک کورسی خوێندن لە یەمەن دانیشتبوون، دواتر لە کوردستان ببنە سەرکردەی بەرەی دژبەیەک و ململانێی توند لە نێوانیاندا سەرهەڵبدات.
گەشتە مێژووییەکە و سیمبولە نوێیەکان
لەنێو ئەو خوێندکارە کوردانەی کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا چوونە یەمەن، چەند ناوێکی دیار هەبوون کە دواتر بوونە ستوونی سەرەکی ڕەوتی سەلەفییەت لە کوردستان؛ لەوانە: د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، مەلا بەهمەن کەلاری، محەمەد کاکە و پشتیوان زەندی.
دوای گەڕانەوەیان بۆ هەرێم، ئەم گەنجانە بە خێرایی پێگەی خۆیان لە نێو کایەی ئاینیدا جێگیر کرد، بەڵام یەکگرتووییەکەیان زۆری نەخایاند. دوای ماوەیەک، هێڵە فیکریی و شێوازی کارکردنیان لێکجیا بووەوە، ئەمەش دەرگای بەڕووی ناکۆکییەکی قووڵ و ناو بەناودا کردەوە.
“دەروێشی کوێر”؛ چەخماخەی یەکەم پێکدادان
سەرەتا یاخود قوڵبوونەوەی درزەکە لە نێوان د. عەبدوللەتیف و محەمەد کاکەدا دەرکەوت. کاتێک مەلایەکی سەلەفی خەڵکی ناوچەی چوارقوڕنە لە پێشەکی کتێبێکیدا وەسف و سەنایەکی لەڕادەبەدەری د. عەبدوللەتیفی کرد، محەمەد کاکە کە بە یەکێک لە دەمڕاستە بەتوانا و خاوەن عیلمە شەرعییەکانی ڕەوتەکە دادەنرا، بێدەنگ نەبوو.
محەمەد کاکە کتێبێکی ڕەخنەیی توندی لەژێر ناونیشانی “الدرويش الكفيف” (دەروێشی کوێر) نووسی. لەوێدا هێرشی کردە سەر د. عەبدوللەتیف و ڕایگەیاند کە ئەو لە ئاستی ئەو هەموو وەسف و پیاهەڵدانە گەورەیەدا نییە کە بۆی کراوە.
وەڵامی د. عەبدوللەتیف خێرا و توندتر بوو، ئەویش پەرتووکێکی بە ناونیشانی “الرد السريع الأليم على الكذاب اللئيم” وەڵامی خێرا و بەئازار بۆ درۆزنی سووک) بڵاوکردەوە.
لەو کتێبەدا نەک هەر هێرشی توندی کردە سەر محەمەد کاکە، بەڵکو بە کەسێکی "قەرزداری خەڵک" وەسفی کرد.
د. عەبدوللەتیف لە پێشەکیدا نزایەکی هاوەڵی پێغەمبەر (سەعدی کوڕی ئەبو وەقاس)ی لە نێوان کەوانەدا دانا، وەک ئاماژەیەک و دوعاکردن لە محەمەد کاکە کە خودا تووشی فیتنە و هەژاریی بکات.
ئەم ململانێیە بەردەوامبوو، بەڵام دواتر محەمەد کاکە لە شاری سلێمانی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد.
گەیشتە سعودیە
دوای ئەوە، بەرەیەکی نوێی ناکۆکی لە نێوان د. عەبدوللەتیف و مەلا بەهمەن کەلاری سەریهەڵدا. مەلا بەهمەن هەرچەندە زانایەکی پێگە بەهێزی سەلەفییە، بەڵام شێوازی بانگەواز و تێڕوانینی بۆ کارکردن جیاوازییەکی ڕیشەیی لەگەڵ ڕەوتەکەی د. عەبدوللەتیفدا هەبوو.
ئاستی کێشەکانی نێوانیان گەیشتە ڕادەیەک کە لوتکەی هەڕەمی سەلەفییەت لە دەرەوەی وڵات بێتە سەر هێڵ. شێخ ڕەبیع بن هادی مەدخەلی، زانای ناوداری سعوودی و زانای سەلەفییەکانی ناسراو بە "مەداخیلە"، دەستوەردانی کرد و هەوڵی سوڵح و ئاشتەوایی لە نێوان هەردوولادا دا.
بەڵام ئاشتییەکە کاتی بوو، دواتر هاوکێشەکە سەرەوژێر بووەوە و کێشەکە گۆڕا بۆ ناکۆکی لە نێوان شێخ ڕەبیع خۆی و د. عەبدوللەتیفدا.
شێخ ڕەبیع لە کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجی سەلەفی، هێرشی توندی کردە سەر د. عەبدوللەتیف سەلەفی، ئەمەش هێندەی تر پێگەی د. عەبدوللەتیفی لای بەشێک لە سەلەفییەکانی کوردستان خستە ژێر پرسیارەوە.
واقیعی ئێستا: یەک ناو و چەندین جەمسەر
ئەوەی ئێستا لە سەر زەمینی واقیع دەبینرێت، دەری دەخات کە سەلەفییەت لە کوردستان تەنها ناوێکی گشتییە بۆ کۆکردنەوەی ئەم ئاراستانە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هێڵێکی یەکگرتوو نییە. ڕەوتەکە بەسەر چەندین گروپ و ئاراستەی جیاوازدا دابەش بووە.