سێ هەفتە بەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی حاجی ئاسۆدا تێدەپەڕێت و لیژنەی لێکۆڵینەوە بێدەنگە
٢٩ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:٠٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
نزیکەی سێ هەفتە بەسەر پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی حاجی ئاسۆ، ئەو پێشمەرگەیەی لە یەکێک لە گرتووخانەکانی هەولێردا گیانی سپارد تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێک لەلایەن دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤەوە ڕانەگەیەندراوە.
حاجی ئاسۆ کە وەک پێشمەرگە خزمەتی دەکرد، لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە گرتووخانەیەکی شاری هەولێر گیانی لەدەستدا. دوابەدوای ڕووداوەکە، کەسوکارەکەی گومانیان لە هۆکاری مردنەکەی کرد و ڕایانگەیاند کە ناوبراو "لەناو زینداندا کوژراوە"؛ لە بەرامبەردا، پۆلیسی هەولێر ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و ڕووداوەکەی بۆ "کردەی خۆکوژی" گێڕایەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی تایبەت دەست پەنجەرە کەوتوون، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی باڵا (سەرۆکایەتی دەستە) لیژنەی بۆ لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە پێکنەهێناوە، بەڵکو لیژنەیەکی لەسەر ئاستی نووسینگەی هەولێری دەستەکە ڕاسپاردووە، کە تا ئێستاش ئەنجامی بەدواداچوونەکانیان بە ناڕوونی ماوەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ڕۆژی ٨ی ئەم مانگەدا، د. مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە لێدوانێکی تایبەتدا بە پەنجەرەی ڕاگەیاندبوو، کە “لیژنەیەکی تایبەتیان بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی ئەو پێشمەرگەیە پێکهێناوە”. بەڵام سستی لە ڕاگەیاندنی ڕاستییەکان گومان و نیگەرانییەکانی لای ڕایگشتی و کەسوکاری قوربانییەکە هێشتووەتەوە.