شڵەقاندنی ئاوە مەنگەکە؛ کێبڕکێی توند لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان
٢٩ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:٠٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە، رۆژنامەی شەرقولئەوسەت
پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دوای نزیکەی دوو ساڵ دواکەوتن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2024، بەرەو قۆناغی پێکهێنانی حکومەتی نوێ هەنگاو دەنێت. بەڵام ئەم ئەرکە بەهۆی ململانێی توندی نێوان دوو بەرەی ڕکابەر لەسەر بەدەستهێنانی هەژموونی زیاتر لە کابینەی داهاتوودا، ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە.
تەنانەت بە بووونی هێزە نوێیەکانی وەک جووڵانەوەی «نەوەی نوێ» لە نەخشەی هاوپەیمانێتییەکاندا، هێشتا «پارتی دیموکراتی کوردستان» بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و «یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان» بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، کۆنتڕۆڵی ڕیتمی سیاسیی هەرێم دەکەن.
هاوسەنگیی هێز و ژمارەی کورسییەکان
ململانێی ئێستا لەسەر بنەمای لێکدانەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان (کە لە 100 کورسی پێکدێت) بەم شێوەیەیە:
بەرەی یەکێتی و نەوەی نوێ: هاوپەیمانێتییەکەیان تا ئێستا نزیکەی 38 کورسی مسۆگەر کردووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان: خاوەنی 39 کورسییە.
هێزە بچووکەکان: ڕۆڵی "تای تەرازوو" دەگێڕن بۆ گەیاندنی هەر لایەک بە زۆرینەی ڕەها (51 کورسی)، ئەمەش بازاڕی مانۆڕە سیاسییەکانی گەرم کردووە.
کریستیان و پێکهاتەکانی تر کە کورسی کۆتایان هەیە، لەم هاوکێشەیەدا گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی لایەنی براوە.
کێشەی پشککاریی
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هەولێر بە «شەرقولئەوسەت»ی ڕاگەیاندووە کە پەرلەمانی هەرێم لە دوای دانیشتنی سوێندخواردنی یاسایی لە 2ی کانوونی یەکەمی 2024ەوە پەکخراوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە یەکێتی داوای دابەشکردنی پۆستەکان دەکات بە شێوازی "نیوە بە نیوە" (مناصفة) لەگەڵ پارتیدا، بێ ئەوەی بنەمایەکی دەنگدانی هەبێت.
ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە: ئاراستەیەک لە هەولێر هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت تەنها لە نێوان دوو پارتە سەرەکیەکەدا. پارتی پلەی یەکەمی هێناوە و گفتوگۆی لەگەڵ هەمووان کردووە، بەڵام بافڵ تاڵەبانی، شاسوار عەبدولواحید (سەرۆکی نەوەی نوێ)ی لە ئابی 2025 دەستبەسەر کرد و دواتر ناچاری کرد بێتە ناو ئەم هاوپەیمانێتییەوە."
شاسوار عەبدولواحید لە کانوونی دووەمی 2026 بە کەفالەت ئازادکرا و دواتر هاوپەیمانێتییەکی لەگەڵ تاڵەبانی ڕاگەیاند، ئەمەش پێگەی یەکێتی لە دانوستانەکاندا بەهێزتر کرد.
تێڕوانینی نەوەی نوێ
شاسوار عەبدولواحید بوونی هەر ناکۆکییەکی ناوخۆیی لەناو حزبەکەیدا سەبارەت بەم هاوپەیمانێتییە ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند:هاوپەیمانێتییەکەیان هێندەی پارتی کورسی هەیە.
بۆیە شایستەی وەرگرتنی نیوەی وەزارەتەکان و پۆستی سەرۆکی حکومەتن.جێبەجێ نەکردنی ئەم هاوکێشەیە زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
"ڕێککەوتنێکی زۆرەملێ" یان واقیعێکی نوێ؟
پارتی دیموکراتی کوردستان سەیری هاوپەیمانی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ وەک بەرەیەکی لێکتێگەیشتوو ناکات. دژوار فایق، سەرکردە لە پارتی، دەڵێت: «یەکێتی سەرۆکی نەوەی نوێی خستە زیندان و هاوپەیمانێتییەکەی بەسەردا سەپاند، بۆیە ئەمە ڕێککەوتنێکی زۆرەملێیە».
فایق جەختی کردەوە کە پارتی دەیتوانی لەگەڵ نەوەی نوێ ڕێکبکەوێت، بەڵام دەیەوێت یەکێتی بەشدار بێت و نایەوێت باز بەسەر شەراکەتی مێژوویی ساڵی 1992دا بدات. ئەو هۆشداریشی دا کە بەردەوامیی بنبەستەکە وڵات بەرەو دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دەبات.
وەڵامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
له لایهكی دیكهوه، یەکێتی شەریکە مێژووییەکەی تۆمەتبار دەکات بەوەی ناتوانێت واقیعی نوێ قبوڵ بکات.
ئەحمەد هەرکی (سەرکردە لە یەکێتی): ڕایگەیاند کە هاوکێشە ژمارەییە نوێیەکە دەبێت ببێتە بنەمای حکومەت. ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە تشرینی دووەمی 2025 نزیکبوونەوەیەک هەبوو، بەڵام کێبڕکێی پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار (کە لە نیسانی 2026 بۆ نزار ئامێدی کاندیدی یەکێتی یەکلا بووەوە) نێوانیانی دوورخستەوە.
سۆران داودی (سەرکردە لە یەکێتی)، ڕایگەیاند کە یەکێتی دیدگایەکی هەیە بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا بە مەبەستی دابینکردنی مووچە و بودجە، ئەمەش پێویستی بەوەیە پارتی فەلسەفەیەکی نوێی بەڕێوەبردن لەسەر بنەمای هاوسەنگی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان قبوڵ بکات.
ئایا سەرپێچیی یاسایی کراوە؟
پارتی پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانێتییە لەم کاتەدا بە «سەرپێچیی یاسایی» دەزانێت. دژوار فایق دەڵێت کە نە یەکێتی و نە نەوەی نوێ مافی داواکردنی نیوەی حکومەتیان نییە، چونکە ناتوانن دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان هاوپەیمانێتی پێکبهێنن، بەڵکو دەبوو پێش ئەوە بزماری ئەو هاوپەیمانێتییە داکوتن. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتی لەگەڵ لایەنە پاڵپشتەکانی تردا دەگاتە 44 کورسی.
لەم خاڵەدا، داودی و هەرکی (یەکێتی) وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن پێکهێنانی هاوپەیمانێتی دوای هەڵبژاردن عورفێکی سیاسی باوە و تەنانەت لە بەغداش کراوە و هیچ سەرپێچییەکی یاسایی تێدا نییە.
دەرئەنجام: لە کاتێکدا هەردوو جەمسەرەکە پێداگری لەسەر مەرجەکانیان دەکەن، چارەنووسی حکومەتی نوێی هەرێم بەستراوەتەوە بە سازانی نێوان دوو شەریکە مێژووییەکە، و ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنیش وەک بژاردەیەکی ناچاری لە ئارادایە.