ئەبو توراب تەمیمی: پێویستە چەکی پێشمەرگە بخرێتە سەر حەشدی شەعبی و بچێتە ژێر فەرمانی بەغدا

٢٩ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:١٢ پاش نیوەڕۆ

ئەبو توراب تەمیمی: پێویستە چەکی پێشمەرگە بخرێتە سەر حەشدی شەعبی و بچێتە ژێر فەرمانی بەغدا

پەنجەرە

ئەبو توراب تەمیمی، سەرکردەی دیاری ڕێکخراوی بەدر، داوای جێگیرکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دامەزراوەی حەشدی شەعبیدا دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە دەبێت چەکی پێشمەرگە یەکەم چەک بێت بچێتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی فیدراڵییەوە.

"پێشمەرگە ببێتە بەشێک لە حەشد"

تەمیمی لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە هاوشێوەی دامەزراوەکانی تری عێراق بە تەواوی پابەندی بڕیارەکانی سەرۆک وەزیران (فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان) بن. ئەو وتی: "پێشنیار دەکەم هێزی پێشمەرگە ببێتە بەشێک لە حەشدی شەعبی، کێشەی چییە ئەگەر ئەمە ڕووبدات؟ حەشد دامەزراوەیەکی فەرمی حکومییە و لەژێر چەتری سەرۆکایەتی وەزیراندایە."

مێژووی چەکداری و گۆڕانکارییەکانی دوای ٢٠٠٣

ئەو سەرکردەیەی بەدر بە بەراوردکردنی مێژووی هێزەکەی خۆیان و پێشمەرگە، تیشکی خستە سەر قۆناغی پێش ڕووخانی ڕژێمی پێشوو و ڕایگەیاند، پێش ساڵی ٢٠٠٣ تەنها دوو لایەنی چەکداری سەرەکی و دیار هەبوون کە دژی سەدام حوسێن دەجەنگان، ئەوانیش "فەیلەقی بەدر" و "هێزی پێشمەرگە" بوون.
تەمیمی وتیشی: "ئێمە دوای ساڵی ٢٠٠٣ چەکەکانمان ڕادەست کرد و لە فەیلەقێکی چەکدارییەوە گۆڕاین بۆ ڕێکخراوێکی مەدەنی و سیاسی، لە کاتێکدا پێشمەرگە بەپێی یاسا وەک هێزێکی پارێزگاری لە هەرێم مایەوە و مووچەشی لە حکومەتی ناوەندییەوە وەرگرت."

"جوڵەی هێزەکان تەنها بە فەرمانی بەغدا"

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، ئەبو توراب تەمیمی جەختی لە گرنگیی یەکخستنی بڕیاری سەربازی لە عێراقدا کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان پارێزگاکاندا نییە. ئەو ڕایگەیاند کە دەبێت سەرجەم هێزە چەکدارەکان لە بەسرە و کەربەلاوە تا دەگاتە سلێمانی و هەولێر، جوڵە و بڕیارە سەربازییەکانیان تەنها و تەنها بە فەرمانی ڕاستەوخۆی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بێت، بۆ ئەوەی سەروەریی تەواوی دەوڵەت بەدی بێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو