دووڕیانی سلێمانی و هەولێر؛ هەرێمی کوردستان لە نێوان "ساتی بەلجیکی" و "داخرانی لوبنانی"

٢٩ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:١٥ پاش نیوەڕۆ

دووڕیانی سلێمانی و هەولێر؛ هەرێمی کوردستان لە نێوان "ساتی بەلجیکی" و "داخرانی لوبنانی"

پەنجەرە، نەیریج

لایەنەکان دۆخی هەرێم بۆ بەرژەوەندی حزبی بەکاردەهێنن، لەپاڵ ئەوەشدا نایانەوێت قەوارەی هەرێم مەترسی لەناوچوونی لەسەر دروست ببێت، بەتایبەت کە حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا خۆیشی بەدەست قەیرانەوە دەناڵێنێت و ناتوانێت ئیرادەی ڕەهای خۆی بسەپێنێت.

قەیرانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت و کاراکردنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە دوو مانگی ڕابردوودا ئاڵۆزتر بوو. ئەمەش دوای هاوپەیمانێتی نێوان "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و "جووڵانەوەی نەوەی نوێ" بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید هات، کە پێکەوە خاوەنی (٣٨ کورسی)ن لە پەرلەمانی کوردستان (لە کۆی ١٠٠ کورسی).

ئەم ژمارەیە هێزێکی زیاتری پێ بەخشین لە دانوستانەکاندا لە بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی (٣٩ کورسی). بەڵام ئەم هێزە لە جیاتی ئەوەی ببێتە هۆکاری چارەسەر، بووە هۆی چەقبەستوویی زیاتری دۆخەکە، ئەمەش دوای ئەوەی هاوپەیمانێتییە نوێیەکە داوای نیوەی پۆستە حکومییەکانی کرد کە بۆ ماوەی نزیکەی دەساڵ و نیو بوو لەژێر کۆنترۆڵی پارتیدا بوون (سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی حکومەت، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایش، سەرۆکایەتی دەسەڵاتی دادوەریی، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ).

تێکدانی سیستماتیکی دامەزراوەکان، ئۆپۆزسیۆن و ڕۆژنامەگەری
بەپێی تێڕوانینی سیاسی و توێژەران، چارەسەرەکان بە تەواوی غائیبن. هۆکاری ئەمەش بۆ لەناوبردنی ئامرازەکانی جووڵەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، لەوانە:
 * لاوازکردنی ئۆپۆزسیۆن: دوورخستنەوەی پارت و هێزە کاریگەرەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی لە دوای دوو دەیە لە سیاسەتی لاوازکردن و سەیرکردنیان وەک "دوژمن" نەک وەک ڕکابەر و شەریک.

 * بێدەنگکردنی ڕۆشنبیران: لاوازکردنی دەنگی ڕۆشنبیر و ئەکادیمییەکان لە ڕێگەی دامەزراندن و ئیمتیازی دارایی و کڕینی ئینتیمایان لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدارەوە.

 *داڕوخانی میدیای سەربەخۆ: دوورخستنەوەی ڕاگەیاندنی ئازاد لە ڕکابەری و پەکخستنی توانای گواستنەوەی ڕاستییەکان، ئەمەش دوای ڕشتنی دەیان ملیۆن دۆلار بۆ میدیای فەرمی حزب و میدیای سێبەر.

پاشەکشەی بایەخی نێودەوڵەتی و دەستێوەردانی هەرێمی

لە پاڵ هۆکارە ناوخۆییەکاندا، هۆکاری دەرەکییش هەن کە بوونە هۆی پاشەکشەی بایەخی نێودەوڵەتی بە هەرێم. پێشتر ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی نێوەندگیرییان دەکرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی نێوان سەرکردە کوردەکان، بەڵام ئێستا بەهۆی پاشەکشەی پێگەی هەرێم و کەڵەکەبوونی قەیرانەکان، هێزە ڕۆژئاواییەکان چیتر ئارەزووی نێوەندگیری ناکەن.

لە بەرامبەردا، هەردوو وڵاتی هاوسێ (تورکیا و ئێران) پێیان باشە لێکترازانی ناوخۆیی کورد بەردەوام بێت، چونکە هەرێمێکی لاواز و دابەشکراو باشترە بۆ تێپەڕاندنی سیاسەتە ئەمنی و ئابوورییەکانیان.

پەرلەمانی کوردستان لە نێوان چارەسەر و پەکخستندا

نزیکەی ساڵێک و هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام پێکهێنانی کابینەی دەیەم هێشتا دوورە. پارتی (براوەی یەکەم بە ٣٩ کورسی) و یەکێتی (براوەی دووەم بە ٢٣ کورسی) ماوەی ساڵێکە دانوستان دەکەن بەڵام دانوستانەکان بێ ئەنجامن. هاوپەیمانێتی یەکێتی لەگەڵ نەوەی نوێ (١٥ کورسی) هاوکێشەکەی گۆڕی بۆ خاڵی بنبەست.
ئیفلیجبوونی پێکهێنانی حکومەت تەنها دیاردەیەکی کوردی نییە، بەڵکو خەسڵەتێکی سیستەمە تەوافقییەکانە کە تێیدا دەسەڵات لە نێوان پێکهاتە یان حزبە هاوسەنگەکاندا دابەش دەبێت. بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە، سێ ئەزموونی جیهانی شایەنی سەرنجن.

بەراوردی سێ ئەزموونی جیهانی

یەکەم: بەلجیکا (ئۆپەراسیۆنی کات بێ ڕووخانی دەوڵەت):
بێ حکومەتی ناوەندی بۆ ماوەی ٥٤١ ڕۆژ لە نێوان ٢٠١٠-٢٠١١ و پاشان بۆ ١٦ مانگ لە ٢٠١٩-٢٠٢٠. دەوڵەت لێکنەهەڵوەشایەوە چونکە دامەزراوە خۆجێییەکان و لامەرکەزییەتی قووڵ ڕێگەیان بە بەردەوامی کارگێڕییەکان دا کاتێک سەرکردەکان خەریکی دانوستان بوون. لێرەوە فێردەبین کە دامەزراوە لامەرکەزییە بەهێزەکان دەتوانن لە کاتی نەبوونی حکومەتدا فریای دۆخەکە بکەون.

دووەم: لوبنان (تەوافق وەک ئیفلیجی هەمیشەیی):
بۆشایی سیاسی درێژخایەن لە نێوان ٢٠١٤-٢٠١٦ و دواتر لە ٢٠٢٢-٢٠٢٥، لەگەڵ حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ چەندین ساڵ. سیستەمی پشکپشکێنەی تائیفی گۆڕا بۆ ئامرازی پەکخستنی یەکتر، هەر لایەنێک مافی ڤیتۆ بەکاردێنێت بۆ هێشتنەوەی دۆخەکە وەک خۆی، چونکە چەقبەستووییەکە لە بەرژەوەندییاندایە.

سێیەم: ئێرلەندای باکوور (هەڵپەساردنی خۆبەڕێوەبەریی):
پەکخستنی پەرلەمانی "ستۆرمۆنت" بۆ زیاتر لە سێ ساڵ (٢٠١٧-٢٠٢٠) و دواتر لە ٢٠٢٢-٢٠٢٤. وانەکە لێرەدا ئەوەیە: کاتێک تەوافقی ناوخۆیی گەیشتە بنبەست، میکانیزمێکی یەدەگ هەبوو کە بریتی بوو لە (بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆ لە لەندەنەوە). ئەم تایبەتمەندییە لە کوردستاندا نییە، چونکە دەسەڵاتێکی باڵاتر نییە بەبێ زیانگەیاندن بە فیدراڵییەت و قەوارەی هەرێم، دەستێوەردان بکات.
کوردستان ئەمڕۆ لە نێوان دووڕیاندایە: یان ڕێڕەوی بەلجیکی (قەیرانی درێژخایەن بەڵام شیاوی چارەسەر بەهۆی مانەوەی دامەزراوەکان) یان ڕێڕەوی لوبنانی (گۆڕانی چەقبەستوویی بۆ پێکهاتەیەکی هەمیشەیی).
هەرێم لە ئێستادا بەدەست "ماندووبوونی دیموکراسی” یەوە دەناڵێنێت، کە تێیدا متمانەی هاوڵاتیان بە پرۆسەی دیموکراسی کەم دەبێتەوە و هەڵبژاردن دەبێتە وێستگەیەکی شکڵی. وەک لیفیتسکی و زیبلات لە کتێبی "چۆن دیموکراسییەکان دەمرن"دا دەڵێن، دیموکراسییە مۆدێرنەکان بە کودەتای سەربازی نامرن، بەڵکو لە ناوەوە دەڕزێن کاتێک دوو بنەمای نەنووسراو نامێنن: "قبوڵکردنی یەکتر" و "دانبەخۆداگرتنی دامەزراوەیی" واتە بەکارنەهێنانی هەموو دەسەڵاتە یاساییەکان تا کۆتا سنوور تەنها لەبەر ئەوەی یاسا ڕێگەی پێداوە.

چوار نەخشەڕێگا بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکە

لە ڕوانگەی ئەزموونە بەراوردکارییەکانەوە، چوار بژاردەی واقیعی لەبەردەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمدا هەن:
1. تەوافقی دووقۆڵی نەریتی (نموونەی ١٩٩٢-٢٠١٧): گەڕانەوە بۆ پێوەرەکانی پشکپشکێنەی دووقۆڵی سادە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا، بێ گوێدانە ئەنجامی سندوقەکانی دەنگدان. ئەمە ئەو بژاردەیەیە کە یەکێتی لە ڕێگەی هاوپەیمانێتییە نوێیەکەیەوە داوای دەکات. (تێچووەکەی: خاڵیکردنەوەی هەڵبژاردنەکانە لە ناوەڕۆک و دروستبوونی ماندووبوونی دیموکراسی درێژخایەن).

2. حکومەتی زۆرینە: پابەندبوونی تەواو بە لۆژیکی "ئەوەی دەباتەوە حوکم دەکات" وەک ئەوەی پارتی دەیخاتە ڕوو، لەگەڵ پێدانی ڕۆڵی ڕاستەقینە بە شەریکە بچووکەکان لە حکومەتدا. (تێچووەکەی: ئەگەری پەراوێزکەوتنی تەواوی یەکێتی و گۆڕانی بۆ ئۆپۆزسیۆنێکی هەمیشەیی، کە ئەمەش لە سیستمێکدا کە نەریتی ئۆپۆزسیۆنی بونیادنەری تێدا نییە، مەترسیدارە).
3. حکومەتی تەکنۆکراتی کاتی: پێکهێنانی حکومەتێکی بێلایەن لە کەسانی پسپۆڕ بۆ ماوەیەک (بۆ نموونە یەک ساڵ)، کە ئەرکی تەنها بەڕێوەبردنی مەلەفە دارایی و خزمەتگوزارییە بەپەلەکان بێت (مووچە، نەوت، بودجە)، تا ئەو کاتەی دانوستانە سیاسییەکان بۆ حکومەتی هەمیشەیی دەگەنە ئەنجام.
4. ناوبژیوانی ناوخۆیی سەربەخۆ (نموونەی "Informateur"ی هۆڵەندی): دیاریکردنی کەسایەتییەکی بێلایەن (یاساناس، ئەکادیمی، یان کەسایەتی نیشتمانی مێژوویی) بۆ دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان لایەنەکان پێش ڕاسپاردنی کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت. ئەمەش وادەکات پرۆسەی بەڕێوەبردنی دانوستانەکان لە ململانێی ڕاستەوخۆی نێوان دوو سەرکردایەتییەکە جیا بکرێتەوە.

دەرئەنجام

سێ دەیە لە ئەزموونی دیموکراسی تەوافقی لە کوردستاندا سەرمایەیەکی گەورەیە و نابێت بە ئاسانی دەستبەرداری ببین. قەیرانی ئێستا لە "ساتێکی بەلجیکی" (قەیرانی درێژ بەڵام شیاوی چارەسەر) نزیکترە تا "ساتێکی لوبنانی" (چەقبەستوویی بنیاتی)، بەو مەرجەی لایەنەکان هاوپەیمانێتییە نوێیەکان وەک ئامرازی کاتیی دانوستان بەکاربهێنن، نەک وەک جێگرەوەی هەمیشەیی بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوانیان، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کە ڕێککەوتنی ڕاستەوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی تاکە زامنی سەقامگیریی هەرێمە لە بەرامبەر بەغدا و جیهاندا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو