بازگەکانی نێوان هەرێم و بەغدا؛ کێڵگەی سەرانە و داهاتی گرووپە چەکدارەکان

٢٩ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:٢٢ پاش نیوەڕۆ

بازگەکانی نێوان هەرێم و بەغدا؛ کێڵگەی سەرانە و داهاتی گرووپە چەکدارەکان

پەنجەرە

سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە و بازگەکان، هێشتا دیاردەی سەرانە وەرگرتن و بەرتیل لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی تری عێراق وەک یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی بازرگانی ماوەتەوە. وەک ئاماژەیەکیش بۆ بەردەوامی ئەم کێشەیە، هەفتەی ڕابردوو هێزێکی ئاسایشی نیشتمانی عێراق ژمارەیەک کارمەندی لە بازگەی کەرکوک دەستگیرکرد کە ئەرکیان ڕاییکردنی کاروباری بازرگان و بارهەڵگرەکان بوو.

بازگەکان؛ سەرچاوەی دارایی گروپە چەکدارەکان

دیاردەی ڕەشوەسەندن لە بازگەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، مێژوویەکی چەندین ساڵەی هەیە. زۆربەی بازرگانان بۆ گەیاندنی کاڵاکانیان لە هەرێمەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ناچار دەکرێن پارە بدەن. لێکۆڵینەوەکان دەری دەخەن کە لە پشت ئەم بازگانەوە، گرووپی چەکدار و کەسانی دەستڕۆیشتوو وەستاون کە بازگەکانیان کردووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی ئابووری بۆ خۆیان.
بەرپرسێکی شیعه‌ لەسەر ئەم دۆخە بە ڕاشکاوی دەڵێت: لە بازگەکاندا بە جلوبەرگی فەرمی حکومەتەوە دزی دەکرێت، ئەوانەی لەوێن ڕێگرن و دەبێت حکومەت بە تەواوی تەسفیەیان بکات."

هەڵمەتە کاتییەکان و سەرلەنوێ دانانەوەی بازگەکان

ناوبەناو هێزە عێراقییەکان هەڵمەتی کوتانەسەر بازگەکان ئەنجام دەدەن، بەڵام ئەم هەوڵانە نەبوونەتە هۆی بنەبڕکردنی دیاردەکە. بۆ نموونە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٠دا، حکومەتی عێراق دەیان بازگەی هەڵگرت (لەوانەش بازگەی مەفتول لە سنووری خورماتوو)، بەڵام بەهۆی پشتگیریی میلیشیاکان بازگەکان دانرانەوە.
تەنانەت لە ١١ی تەممووزی ٢٠٢٠دا، کاتێک مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق سەردانی پارێزگای دیالەی کرد، ٨ بازگەی گرووپە چەکدارەکانی لە ناوچە سنوورییەکانی مەندەلی لابرد کە بارهەڵگرەکان سکاڵایان لێکردبوون، بەڵام تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ڕۆیشتنی، بازگەکان دیسان دەستیان بە کارکردن کردەوە.

"پەڕێنەرەکان" و نرخی تێپەڕبوونی بارهەڵگرێک

لە نێوان بەغدا و بازرگانە کوردەکاندا، دیاردەیەکی تر سەریهەڵداوە کە بە "پەڕێنەرەوەکان" دەناسرێن. ئەمانە چەند گرووپێکن لە بەغدا کە بازرگانەکان ڕێککەوتنیان لەگەڵ دەکەن بۆ ئەوەی بارەکانیان بە سەلامەتی بگەیەننە جێگەی مەبەست.
بەپێی وتەی سەرچاوەکام، تێچووی تێپەڕبوونی هەر بارهەڵگرێک بەم شێوەیەیە: بۆ باری یاسایی پارەی کەمتر و  بۆ باری نایاسایی پارەی زیاتر دەدرێت.

دۆخی ئێستا؛ کەمبوونەوە بەڵام بەردەوامە

هەرچەندە لە ئێستادا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، دیاردەی بەرتیل و سەرانە وەرگرتن لە بازگەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تا ڕادەیەک کەمتر بووەتەوە، بەڵام هێشتا بە تەواوی بنەبڕ نەکراوە. وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئەم گرووپە چەکدارانە هێشتا وەک تاقیکردنەوەیەکی قورس لەبەردەم دەسەڵاتی دەوڵەتدا ماوەتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو