بەغدا جڵەوی ئابووریی هەرێم دەکات؛ سەرچاوەکانی داهات و ئابووریی لە لێواری وشکبووندان
٢٩ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:٢٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
خەریکە سەرچاوە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی دەکەونە ژێر ڕکێفی حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە. ئەم گۆڕانکارییە ستراتیژییە وایکردووە بەغدا زیاتر لە هەمیشە جڵەوی ئابووریی و سیاسیی هەرێم بکات و پێگەی دانوستانی هەولێر لاواز بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر هەرێمی کوردستان پشتئەستوور بوو بە چوار سەرچاوەی سەرەکیی داهات، بەڵام ئێستا دۆخەکە تەواو گۆڕاوە.
بودجەی فیدراڵی
ئەم داهاتە لە ئێستادا بووەتە شادەماری سەرەکیی مانەوەی هەرێم، کە بڕەکەی ٩٨٠ ملیار دینارە و مانگانە لە بەغداوە بۆ تەمویلکردنی مووچە رەوانە دەکرێت، بەڵام ناردنی ئەم پارەیەش بەستراوەتەوە بە چەندین مەرجی داراییەوە.
داهاتی نەوت؛ لە سەربەخۆییەوە بۆ کۆنترۆڵی (سۆمۆ)
پێشتر فرۆشتنی نەوت مانگانە نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری دەخستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم. لە ئێستادا ئەم سەرچاوە گرنگە بە تەواوی لەژێر دەستی هەرێم دەرهێنراوە و کۆمپانیای نیشتمانیی (سۆمۆ) سەرپەرشتی دەکات، تەنها ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ پێداویستیی ناوخۆ هێڵراوەتەوە.
داهاتی ناوخۆ؛ کێشە گەورەکەی بەردەم هەرێم
داهاتی ناوخۆ (کە باج، گومرگی خاڵە سنوورییەکان و ڕسووماتی فەرمانگەکان دەگرێتەوە) لە دۆخی ئاساییدا مانگانە ٢٢٠ ملیار دینار و هەندێکجار زۆر زیاتریش بووە. بەڵام ئێستا گەورەترین گرفتی بەرپرسانی هەرێم ئەوەیە کە ناتوانن مانگانە ١٢٠ ملیار دینار لەم داهاتە ڕادەستی بەغدا بکەن و دەڵێن داهاتی ناوخۆ زۆر دابەزیووە.
هاوکارییەکانی هاوپەیمانان
ئەو هاوکارییە داراییەی مانگانە هێزەکانی هاوپەیمانان بە پێشمەرگەیان دەدا، سەرچاوەیەکی گرنگ بوو، بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ کەمکرایەوە و لە ئێستادا مەترسیی بڕینی یەکجاریی لەسەرە.
سیستەمی (ئەسیکۆدا)
عێراق تەنها بە نەوتەوە نەوەستاوە، بەڵکو لەڕێگەی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی گومرگیی (ئەسیکۆدا - ASYCUDA) و چەندین ڕێوشوێنی ئابووریی نوێوە، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێمیش دەچێت.
بۆچی هەرێمی کوردستان ناتوانێت پارە لە ناوخۆدا بگەڕێنێتەوە؟
میدیا و پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە هەرێمی کوردستاندا "سوڕی دارایی" دروست نەبووە تا پارەکە لە نێوان خەڵک و حکومەتدا بسووڕێتەوە. هۆکاری ئەمەش بۆ دوو خاڵی سەرەکی دەگەڕێتەوە. زۆربەی ئەو پارانەی دەچنە بازاڕەوە، بەهۆی هاوردەکردنی کاڵاوە دەبرێنە دەرەوەی وڵات و ناگەڕێنەوە بۆ گەنجینەی حکومەت. هەروەها هەرێم خاوەنی بەروبوومی کشتوکاڵی و پیشەسازیی پێویست نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی، بۆیە بۆ کڕینی خۆراک و کاڵا ناچارە پارەی نەختینە ڕەوانەی دەرەوە بکات، بەڵام جێبەجێکردنی ئەسیکۆدا دۆخەکە دەگۆڕێت.
ئەنجام
هەرێمی کوردستان کە ڕۆژانێک خاوەنی داهاتێکی خەیاڵیی نەوت و ناوخۆ بوو، لە ئێستادا پشکی شێری سەرچاوەکانی لەدەستداوە و تەنانەت گیرۆدەی دابینکردنی ئەو ١٢٠ ملیار دینارەیە کە دەبێت مانگانە بیداتە بەغدا، تا لە بەرامبەردا مووچەی فەرمانبەرانی بۆ ڕەوانە بکرێت.