لیستێکی نوێی بەغدا بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی؛ بەرپرس و پەرلەمانتاری کوردی تێدایە
٢٩ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسیی ئاگادار لە بەغدا بە پەنجەرەی ڕاگەیاند، حکومەتی عێراق لیستێکی نوێی بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی دۆسیەکانی گەندەڵی ئامادەکردووە، کە ناوی ژمارەیەک بەرپرس، وەزیر و پەرلەمانتاری کوردی تێدایە.
شەرعیەتدان بە هەڵمەتەکە
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، زۆربەی ئەو کەسانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە دەستگیرکراون لە پێکهاتەی عەرەبی سوننەن و ڕێژەیەکی کەمی شیعەیان تێدایە. بۆیە بۆ پێدانی شەرعیەت و هاوسەنگی بەم هەڵمەتە، بڕیارە ژمارەیەک بەرپرسی کورد و شیعەش دەستگیربکرێن یان هەوڵی دەستگیرکردنیان بدرێت.
سەرچاوە باڵاکە بۆ پەنجەرە وتی: “مەرج نییە سەرجەم تۆمەتبارە کوردەکان دەستگیربکرێن، بەڵام بۆ نیشاندانی هاوسەنگی لە هەڵمەتەکەدا، پێدەچێت ژمارەیەک بەرپرسی کورد بکرێنە ئامانج.”
سەرچاوەکە ناوی سەرجەم ئەو بەرپرسە کوردانەی بۆ پەنجەرە ئاشکرا کردووە کە ناویان لە لیستەکەدا هاتووە و پێکهاتوون لە وەزیر، پەرلەمانتار و بەرپرسی دامودەزگا جیاجیاکان. پێشتریش پەنجەرە لە زانیارییەکدا بڵاویکردبووەوە کە پێدەچێت لە مانگی تەممووز (حەوت)دا هەوڵی دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسە کوردانە بدرێت.
ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەرێم و بەغدا
سەبارەت بە ئەگەری پەنابردنی ئەو بەرپرسانە بۆ هەرێمی کوردستان، سەرچاوەکە ڕوونیکردەوە، ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان هەرێم و بەغدادا هەیە بۆ ڕادەستکردنی داواکراوان. بۆیە ئەگەر بەغدا لە بڕیارەکەی جدی بێت و هەرێمی کوردستانیش ئامادە نەبێت تۆمەتبارەکان ڕادەست بکاتەوە، ئەوا ئەم بابەتە کێشە و گرژی لە نێوان هەردوولادا دروست دەکات.