د. عەبدوللەتیف سەلەفی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەشی سەرۆکایەتی زانکۆ کرد بەڵام داواکارییەکەی رەتکرایەوە
٢٩ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
د. عەبدوللەتیف سەلەفی، مامۆستای زانکۆ، داواکاریی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بە سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی کرد، بەڵام داواکارییەکەی لەلایەن زانکۆوە ڕەتکرایەوە و دۆسیەکەی ڕەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، تایبەت بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "د. عەبدوللەتیف دەستلەکارکێشانەوەی لە زانکۆ پێشکەش بە سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی کردووە، بەڵام زانکۆ داواکارییەکەی ڕەتکردووەتەوە، بەو بیانووەی کە دۆسیەکەی لە ئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە."
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی تەواوی داواکارییەکەی د. عەبدوللەتیف و ئەو هامش (تێبینی)یەی کە لەسەری نووسراوە بۆ ڕەتکردنەوەی داواکە، ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی لە ڕاسپاردەی کۆتایی خۆیدا کە ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵای کردووە، داوای عەزلکردنی (دوورخستنەوەی) د. عەبدوللەتیف لە زانکۆ کردووە.