هەژاندنی هێلانەی گەندەڵی؛ چاوەڕێی دەستگیرکردنی بەرپرسی گەورەتر دەکرێت

٢٩ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:٢٦ پاش نیوەڕۆ

هەژاندنی هێلانەی گەندەڵی؛ چاوەڕێی دەستگیرکردنی بەرپرسی گەورەتر دەکرێت

پەنجەرە

سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار لە بەغدا بە پەنجەرەی ڕاگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەدا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک بەرپرسی دیکە دەربچێت، کە لە نێوانیاندا کەسایەتیی باڵا و چاوەڕواننەکراو هەن.ئاماژەی بەوەشکرد کە دەرچوونی ئەم بڕیارانە بەستراوەتەوە بەوەی "سوڵحی سیاسی"یان بۆ نەکرێت.

سەرچاوەکە ڕوونکردنەوەی زیاتری دا و وتی:مەبەست لە سوڵحی سیاسی، ڕێککەوتنی ژێربەژێری نێوان حکومەت و تۆمەتبارەکانە، بە شێوەیەک کە پارە دزراوەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگێڕنەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەکرێت.

سەبارەت بە تێوەگلانی بەرپرسانی کورد، سەرچاوەکە ئاشکرایکرد کە چەند بەرپرسێکی کورد لە نێو لیستی ئەو کەسانەدا هەن کە ئەگەری دەستگیرکردنیان هەیە، بەڵام جەختی کردەوە کە ژمارەی ڕاستەقینەیان زۆر کەمترە لەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە.

دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی لە ئێستادا بووەتە خواستێکی سەرەکیی شەقامی عێراقی و ڕای گشتیی بەهێزی لەسەر دروستبووە.
سەبارەت بە دۆخی یاسایی ئەو بەرپرسانەی کە تا ئێستا دەستگیرکراون، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە دۆسیەکانیان جیاوازە، بەشێکیان بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و یەکلاکەرەوەیان لەسەرە. بەشێکیان لەلایەن تۆمەتبارانی دیکەوە ناویان هێنراوە و تێوەگلاون. بەشەکەی تریان کەسانێکن کە گەندەڵیان پێ ئەنجامدراوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو