سێبەری “دەوڵەتی قووڵ” لە پشت کەمپینی دژە گەندەڵی لە عێراق؛ زەیدی لە پێشەوە و زەیدان لە پشتەوە

٢٩ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:٢٦ پاش نیوەڕۆ

سێبەری “دەوڵەتی قووڵ” لە پشت کەمپینی دژە گەندەڵی لە عێراق؛ زەیدی لە پێشەوە و زەیدان لە پشتەوە

پەنجەرە

هەڵمەتە بەردەوامەکانی دەستگیرکردنی بەرپرسان و تۆمەتبارانی دۆسیەکانی گەندەڵی، ناوی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیان کردووەتە مانشێتی میدیاکانەوە. بەڵام لە پشت پەردەی ئەم جووڵە و هاوکێشە سیاسییانەوە، ئاماژەکان رۆڵی دەوڵەتی قووڵ دەسەلمێنن، کە لەلایەن فایەق زەیدانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن کە زۆربەی پرۆسەکانی دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوەکان، بە پلان و ئاگاداری پێشوەختی فایەق زەیدان ئەنجام دەدرێن، ئەو پیاوەی کە سەرۆکایەتی بەهێزترین و کاریگەرترین جومگەی بڕیار لە عێراقدا دەکات، کە ئەویش دەسەڵاتی دادوەرییە.

فایەق زەیدان خۆی ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی هەبوو لە هێنانەپێشەوەی عەلی زەیدی و گەیاندنی بە کورسی سەرۆکایەتی وەزیران. لە ئێستاشدا، زەیدان بە تەواوی قورسایی و دەسەڵاتە یاسایی و سیاسییەکەیەوە لە پشتی زەیدییەوە وەستاوە بۆ سەرخستنی ئەم قۆناغە.

چاودێران پێیان وایە ئامانجی سەرەکی فایەق زەیدان لەم قۆناغەدا بریتییە لە: بەهێزکردنەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت، هەروەها کۆنترۆڵکردنی تەواوی دۆخی ناوخۆیی عێراق و سەپاندنی سەروەری یاسا.

هاوتەریب لەگەڵ خواستی واشنتۆن و پاشەکشەی تاران
ئەم ستراتیژە نوێیەی بەغداد بە تەواوی لەگەڵ تێڕوانین و خواستەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا یەکدەگرێتەوە، کە  داوای عێراقێکی ناوەندیی بەهێز دەکات. هەر بۆیە، جموجۆڵەکانی سەرۆکوەزیران بە پاڵپشتی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، پشتگیرییەکی ڕاستەوخۆی واشنتنی لە پشتە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەم دۆخە نوێیە هاوکاتە لەگەڵ لاوازبوونی ڕۆڵ و هەژموونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراقدا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو. کەمبوونەوەی دەستێوەردانەکانی تاران وایکردووە کە ئاستەنگ و کۆسپەکانی بەردەم جووڵەکانی حکومەتی عێراق کەمتر ببنەوە و دەستی بەغداد بۆ بڕیارە چارەنووسسازەکان کراوەتر بێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو