شاڵاوی دەستگیرکردنەکانی بەغدا؛ ئایا عەلی زەیدی دەتوانێت ڕەگی گەندەڵی لە عێراقدا هەڵکێشێت؟

٢٩ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:٢٨ پاش نیوەڕۆ

شاڵاوی دەستگیرکردنەکانی بەغدا؛ ئایا عەلی زەیدی دەتوانێت ڕەگی گەندەڵی لە عێراقدا هەڵکێشێت؟

پەنجەرە

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند "حکومەت بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ شەڕی دژی گەندەڵی بەمەبەستی گێڕانەوەی ماڵی گشتی". جەختیشیکردەوە کە هیچ کەمتەرخەمییەک ناکات لەو بەرپرسیارێتییەی "پێی سپێردراوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق".
زەیدی لەمیانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا وتی: "دۆخەکە گەیشتووەتە قۆناغێک کە چیتر ناتوانرێت بێدەنگی لێ بکرێت".
لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران دەزگا چاودێرییەکانی ڕاسپارد بۆ وەرگرتنی هەر ئاماژە و زانیارییەک کە پەیوەندی بە ئەدای حکوومەت یان ئەدای وەزارەتەکانەوە هەبێت، بە ئامانجی ئاشکراکردنی حاڵەتەکانی گەندەڵی یان کەمتەرخەمی.

هاوکات موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی، ستایشی ئەو شاڵاوە دەستگیرکردنەی کرد کە حکوومەت ئەنجامی دەدات و بە هەنگاوێکی "پاڵەوانانە"ی لەقەڵەمسا کە دەبێتە هۆی بەخشینی ئومێد بە عێراقییەکان و بەهێزکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
سەدر داوایکرد کە وتاری نوێژی هەینی داهاتوو تەرخان بکرێت بۆ قسەکردن لەسەر گەندەڵی و نوێژەکەش لەژێر دروشمی: "بەڵێ بۆ ئیسلام.. هیهات منا الذلة (دوور بێت لێمان سەرشۆڕی)" بەڕێوە بچێت. جەختیکردەوە کە "ئیسلام گەندەڵی و ستەمی حەرام کردووە، ڕاگەیاندنی بێبەریبوون لێیان، ئەرکێکی شەرعییە".

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەغدای پایتەختی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە، شاڵاوێکی بەرفراوانی دەستگیرکردنی بەخۆیەوە بینی کە ژمارەیەک لە سیاسی و پەرلەمانتارانی گرتەوە، لەسەر بنەمای تۆمەتی گەندەڵی.
ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق بڵاویکردەوە، کە ٤٧ بەرپرس، کە لانیکەم ١٢ پەرلەمانتار و کەسایەتی سیاسییان تێدایە، لە شەوی شەممەوە تا بەیانی ڕۆژی یەکشەممە دەستگیرکراون.

ئاژانسەکە لیستێکی بڵاوکردووەتەوە کە ناوی ١٥ کەسی تێدایە لەوانەی دەستگیرکراون، لە نێوانیاندا ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەن کە پارێزبەندییان لێ وەرگیراوەتەوە، لەگەڵ بەرپرسانی ئێستا و پێشوو.
ئەم هەنگاوە، کە چاودێران بە "دەگمەن" وەسفی دەکەن، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی دژە گەندەڵی و ڕاوەدوونانی ئەو کەسانە دێت کە دەستیان هەبووە لە بەهەدەردانی پارەی دەوڵەت، کە لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە سەرکردایەتی دەکرێت.
ئەم دەستگیرکردنانە دوای ئەو دانپێدانانە هاتن کە عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت دابووی، کە لە مانگی ئایاری ڕابردوودا لەسەر بنەمای تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرابوو، وەک ئەوەی میدیای فەرمی ئاماژەی پێداوە و جەختی کردووەتەوە کە پڕۆسەکە "بەردەوامە و پەرە دەسەنێت".

چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی شاڵاوی دەستگیرکردنەکان، ناوچەی سەوز لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت شایەتی داخران و بڵاوبوونەوەی هێزەکانی سەر بە دەزگای دژە تیرۆر بوو.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە بی بی سی ڕاگەیاندووە، کە هەڵمەتەکە چەندین ناوچەی بەغدای گرتووەتەوە، لەوانە یەرمووک و زەیونە، و تەنیا لەناو ناوچەی سەوزدا کورت نەبووەتەوە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەسەڵاتدارانی عێراق دەستیان بەسەر نزیکەی ١١ ملیۆن دۆلاری نەختینە (کاش) و نزیکەی ٩٨ ملیار دینار (نزیکەی ٦٣ ملیۆن دۆلار)، و نزیکەی ١.٥ کیلۆگرام زێڕ، و نزیکەی ٤٠ خانوو و موڵکدا گرتووە لە بەغدا، سەڵاحەدین و هەولێر، جیا لە بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی.

مینا عورێبی، شیکەرەوەی بەریتانی-عێراقی و هاوەڵی "بەرنامەی یێڵ وۆرڵد فێڵۆز" پێیوایە ئەم پێشهاتانەی بەغدا بەخۆیەوەیان دەبینێت، لێکەوتەی سیاسی درێژخایەنیان دەبێت، و ئاماژەی بەوە کردووە کە عێراق لە ڕابردوودا زۆرجار شایەتی تۆمەتی گەندەڵی بووە، بەڵام کەم جار شایەتی دەستگیرکردنی لەم شێوەیەی بەرپرسانی باڵا و کەسایەتییە دیارەکان بووە.
بەپێی پێوەرەکان، پێدەچێت هەڵمەت و لێکۆڵینەوەکان کەسایەتییەکانی ئاستی باڵای دەوڵەتیش بگرێتەوە، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، عورێبی پێیوایە ئەم ناوانەی ئێستا دەستاودەستیان پێ دەکرێت لەناو دەستگیرکراوەکاندا، گوزارشت لە "ماسییە گەورەکان" یان "گەندەڵکارە سەرەکییەکان"ی عێراق ناکەن، بۆیە دووری دەزانێت کە هەڵمەتێکی لەم شێوەیە بە هیچ شێوەیەک کۆتایی بەو گەندەڵییە بهێنێت کە لە وڵاتەکەدا "ڕەگی داکوتیوە"، وەک خۆی دەڵێت.

ئەم توێژەرە سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، لەگەڵ گەیشتنی بە دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٢٢دا، هەڵمەتی هاوشێوەی ئەنجامدابوو.
لە بەرامبەردا، عورێبی پێشبینی دەکات کە ئەم هەڵمەتە لە بابەتی "یەکلاکردنەوەی حساباتی کۆن" بێت یان هەوڵێک بێت لەلایەن سەرۆک وەزیرانی نوێوە بۆ چەسپاندن و بەهێزکردنی دەسەڵاتەکانی خۆی.
سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی زەیدی، لە کاتی دەستبەکاربوونییەوە لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، کاری کردووە لەسەر دامەزراندنی لێژنەی لێکۆڵینەوەی پسپۆڕ کە ئامانجیان ئاشکراکردنی ئەو تۆڕانەیە کە تۆمەتبارن بە بەهەدەردانی پارەی گشتی و قاچاخچێتی بە ملیارەها دۆلار.
بەرپرسێکی حکوومەتی ڕایگەیاند کە پڕۆسەی دەستگیرکردنەکانی ڕۆژی یەکشەممە بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی دەستی پێکردووە.
هاوکات، "دەستەی دەستپاکی فیدراڵی" کە دەستەیەکی سەربەخۆیە و لەژێر چاودێری ئەنجومەنی نوێنەراندایە، ڕۆژی یەکشەممە دەستپێکردنی ڕێکارەکانی ڕاگەیاند سەبارەت بە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەری دژی ژمارەیەک لەو تۆمەتبارانەی کە دەستیان بەسەر پارەی گشتیدا گرتووە، و جەختی کردەوە کە ئەم "دەستکەوتە لە ئەنجامی یەکخستنی هەوڵە هاوبەش و تەواوکارییەکانی نێوان هەرسێ دەسەڵاتەکەی دادوەری، جێبەجێکردن (حکوومەت) و یاسادانان (پەرلەمان) لەگەڵ هەوڵەکانی دەستەکەدا هاتووە".

 ئاژانسی هەواڵی "شەفەق نیوز" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، کە ڕێبەری ڕەوتی سەدر، نامەیەکی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق ناردووە بۆ پشتگیریکردن لە ڕێکارەکانی حکوومەت کە ئامانجیان ڕاوەدوونانی تێوەگلاوانی دۆسیەکانی گەندەڵی و لێپرسینەوەیە لێیان.
خەمڵاندنە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەندەڵی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا نزیکەی ٣٠٠ ملیار دۆلار زیانی لە عێراق داوە.
عێراق لە ڕیزبەندییەکانی دواوەی پێوەرەکانی شەفافیەتی نێودەوڵەتیدایە، بە جۆرێک لە پلەی ١٣٦ دایە لە کۆی ١٨٢ وڵات لەسەر پێوەری  گەندەڵی کە لەلایەن ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتییەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دەرچووە.
لەم نێوەندەشدا، یاما ترابی، بەڕێوەبەری پڕۆژەی "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی حوکمڕانی" لە بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP)، ڕۆژی یەکشەممە جەختی کردەوە کە هەوڵەکانی عێراق لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا تەواو نەبوون، بەتایبەتی "سەبارەت بە گێڕانەوەی پارە و داراییە دزراوەکان، بەڵام ئەم دۆسیەیە لەم دواییانەدا بووەتە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەت".
ترابی پێی وابوو کە "هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق لە بواری گێڕانەوەی سەرمایە و داراییەکان لەسەر ڕێڕەوێکی ڕاستدان، بەڵام هێشتا بەس نین، هێشتا کاری زیاتر پێویستە لەم ڕووەوە بکرێت".


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو