ئەمەریکا لێی توڕەیە؛ ئەو پیاوەی نەوتی ئێران و عيراقی تيکەڵ دەکرد لەنێو دەستگیرکراوەکاندایە

٢٩ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:٣٢ پاش نیوەڕۆ

ئەمەریکا لێی توڕەیە؛ ئەو پیاوەی نەوتی ئێران و عيراقی تيکەڵ دەکرد لەنێو دەستگیرکراوەکاندایە

پەنجەرە

عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لەنێو دەستگیرکراوەکاندایە کە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە دەستگیرکران، کەناوبراو یەکێکە لەو بەرپرسانەی لەلایەن ئەمەریکاوە خراوەتە نێو لیستی سزا دراوەکانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات.

لەمبارەیەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراق بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی ڕاگەیاندووە کە دۆسیەکە چەندین مەلەفی هەستیار لەخۆدەگرێت، لەوانە: "دابینکردنی بەدجە بۆ گرووپە چەکدارەکان، نەوتی ئێران، قاچاخچێتی دۆلار و گەندەڵی"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

تۆمەتەکانی ئەمریکا دژ بە بەهادلی

پێشتر وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بەهادلی تۆمەتبار کردبوو بەوەی پۆستەکەی قۆستووەتەوە بۆ ئاسانکارییکردن لە گۆڕینی ڕێڕەوی نەوتی عێراق بەمەبەستی سوودگەیاندن بەو تۆڕانەی کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە. هەروەها ناوبراو تۆمەتبارە بە پێدانی ئیمتیازاتی تایبەت بۆ دەستکەوتنی نەوتی عێراق بە قاچاخچیی نەوت "سالم ئەحمەد سەعید" (کە ئەویش لەژێر سزاکاندایە) و سەر بە گرووپی "عەسائیب ئەهلی حەق"ە. 

خەزێنەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە بەهادلی بەپێی مەرسومی جێبەجێکردنی ژمارە (13902) خراوەتە لیستی سزاکانەوە، ئەوەش بەهۆی پێشکەشکردنی پاڵپشتیی ماددیی و دارایی بۆ تۆڕەکەی "سەعید".

تۆڕی قاچاخچێتییەکە چۆن کاری کردووە؟

بەرێوبەرایەتی چاودێریی داراییە بیانییەکانی ئەمریکا (OFAC) ئاشکرای کردووە کە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە بەهادلی، کە لە ساڵی 2018وە چەندین پۆستی باڵای لە وەزارەتی نەوتدا هەبووە، ڕێپێدانی کردووە بۆ گواستنەوەی نەوت کە بەهاکەی بە ملیۆنان دۆلاری ڕۆژانە دەەخەمڵێنرێت، لە کێڵگەی "گەیارە"وە بۆ کۆمپانیای (VS Oil) لە خۆر زوبێر.

ئەو نووسینگەیە ڕوونیشیکردەوە کە کۆمپانیاکە سەرپەرشتی تێکەڵکردنی نەوتی ئێران و نەوتی عێراقی کردووە پێش ئەوەی دووبارە هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی بکرێتەوە وەک "نەوتی عێراقی". هاوکات بەهادلی تۆمەتبار کراوە بە ساختەکردنی بەڵگەنامەکانی سەرچاوەی نەوتەکە (Certificate of Origin) بۆ ئەوەی بەرگێکی یاسایی بەبەر پرۆسە قاچاخچێتییەکەدا بکات.

پەیامە توندەکەی واشنتن

سەپاندنی ئەم سزایانە هاوکات بوو لەگەڵ لێدوانەکانی سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، کە تێیدا ڕایگەیاند: "ڕژێمی ئێران تاڵانی ئەو سەرچاوانە دەکات کە مافی گەلی عێراقن". جەختیشی کردەوە کە واشنتن "دەستەوەستان ناوەستێت لە کاتێکدا سوپای ئێران نەوتی عێراق بۆ دابینکردنی دارایی تێرۆریزم دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی بەکاردەهێنێت".
بێسێنت پێداگری لەسەر بەردەوامیی بەئامانجگرتنی ئەو تۆڕانە کردەوە کە کەرتی نەوتی عێراق بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا بەکاردێنن.

عەلی مەعارج بەهادلی کێیە؟

بەهادلی بە یەکێک لە دیارترین بەرپرسە جێبەجێکارەکانی کەرتی نەوتی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا دادەنرێت.
 لەدایکبوون: ساڵی 1966 لە پارێزگای میسان.
 بڕوانامە: بەکالۆریۆس لە ئەندازیاریی نەوت لە زانکۆی بەغداد.

 پۆستەکان:
 بەڕێوەبەری دەستەی کێڵگەکانی میسان.
 سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی میسان.
 لە ساڵی 2018وە چەندین پۆستی گرنگی لە وەزارەتی نەوتدا وەرگرتووە، لەوانە: سەرۆکی فەرمانگەی مۆڵەت و گرێبەستەکان، وەزیری نەوت بەوەکالەت و بریکاری وەزارەتی نەوت.
دواجار، ئەم کاروانە پیشەیییە درێژە لێرەدا وەستا و ناوبراو بوو بە چەقی لێکۆڵینەوەکانی ناوخۆی عێراق و سزاکانی ئەمریکا، بەهۆی تێوەگلانی لە مەلەفەکانی قاچاخچێتیی نەوت و بازدان بەسەر سزا نێودەوڵەتییەکاندا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو