لە سەرووی یاساوە بۆ پشت شیشەکانی زیندان؛ ئایا عێراق پێ دەنێتە قۆناغی بونیاتنانەوەی متمانە؟

٦ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٤٣ پاش نیوەڕۆ

لە سەرووی یاساوە بۆ پشت شیشەکانی زیندان؛ ئایا عێراق پێ دەنێتە قۆناغی بونیاتنانەوەی متمانە؟

پەنجەرە

ئەو ڕووداوەی کە بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە بەغداد و چەند پارێزگایەکی تری عێراق بەخۆیەوە بینی، تەنها پێشهاتێکی دادوەریی و ئەمنی ئاسایی نەبوو بۆ عێراقییەکان. هەڵمەتە بەرفراوانەکە کە تێیدا دەیان بەرپرسی ئێستا و پێشوو، پەرلەمانتار و کەسایەتی سیاسی تۆمەتبار بە گەندەڵی دەستگیرکران، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە. 
ئەمەش دەرگای گفتوگۆیەکی جدی کردەوە لەسەر ئەوەی ئایا وڵات لەبەردەم کۆتاییهاتنی قۆناغێکدایە کە تێیدا هاووڵاتیان پێیانوابوو دەستڕۆیشتووان لە سەرووی یاساوەن و سەرەتای قۆناغێکی نوێیە کە یاسا تێیدا باڵادەست بێت؟

هەرچەندە لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ دەستگیرکراوانی دۆسیەکانی گەندەڵی هێشتا لە سەرەتادان و دادگا تاکە لایەنی فەرمییە بۆ سەلماندن یان ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان، بەڵام یەکەم کاریگەریی هەڵمەتەکە لە شەقامی عێراقیدا بە ڕوونی دەرکەوت، هیوایەکی زۆری لای خەڵک دروستکردووە کە سەردەمی "پارێزبەندی لە یاسا" بۆ بەرپرسانی باڵا کۆتایی پێبێت.

گێڕانەوەی متمانە بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت

هاووڵاتیان و پسپۆڕانی کۆمەڵایەتی پێیانوایە کاریگەرییەکانی ئەم کەمپەینە تەنها لە سنووری شەڕی گەندەڵیدا ناوەستێتەوە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ پەیوەندی نێوان هاووڵاتی و دەوڵەت. سەپاندنی یاسا بەسەر کەسانی دەستڕۆیشتوودا، پێوەرێکی سەرەکییە بۆ گێڕانەوەی متمانە بۆ دامەزراوە گشتییەکان.

ڕافد ئەلجەنابی، کە هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەغدادە، لەمبارەیەوە بە ڕۆژنامەی "العربي الجديد"ی ڕاگەیاند: ئەم کەمپەینە کەمێک هیوای بۆ گەڕاندینەوە. ئێمە ڕاهاتبووین ڕۆژانە تەنها باسی دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی ببیستین و دەوڵەمەندبوونیبەرپرسان، حیزبەکان و پەرلەمانتاران ببینین، بەڵام پێشتر هەرگیز جووڵەی حکومیی لەم قەبارەیامان نەدیوە. کێشەکە تەنها گەندەڵی نەبوو، بەڵکو ئەو باوەڕە چەسپاوە بوو کە پێیوابوو ناتوانرێت نزیکی بەرپرس و پەرلەمانتاران ببنەوە، شکاندنی ئەم وێنەیەش لە ئێستادا کاریگەرییەکی مەعنەوی گەورەی لەسەر شەقام هەیە."

لەلایەکی دیکەوە، حەساد ئەلنوعەیمی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵگەی عێراقی تەنها بەدوای دیمەنی دەستگیرکردندا ناگەڕێت، بەڵکو دەیەوێت پرەنسیپی دادپەروەری بچەسپێت. ئەو دەڵێت: هاووڵاتی کاتێک هەست بە ئارامی دەکات کە دەبینێت یاسا جیاوازی لە نێوان مرۆڤێکی سادە و کەسایەتییەکی دەستڕۆیشتوودا ناکات. یەکسانی لەبەردەم دادگادا بنەمایەکە بۆ گێڕانەوەی شکۆی دەوڵەت."

هەنگاوەکان بۆ کۆتاییهێنان بە "ڕزگاربوون لە سزا"

کاریگەرییەکانی گەندەڵی لە عێراق لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بووە هۆی دروستبوونی ڕۆشنبیرییەکی گشتی کە گومانی لە کارایی یاسا هەبوو، چونکە هاووڵاتیان پێیان وابوو یاسا تەنها بەسەر لاوازەکاندا جێبەجێ دەکرێت.

د. حەسەن لەمی، مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی بەغداد، جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر ئەم ڕێکارە حکومییانە بەردەوام بن و بە دادگاییکردنی دادپەروەرانە کۆتاییان بێت، دەتوانن متمانەی کۆمەڵایەتی بونیاد بنێنەوە. ئەو وتی: متمانە بە دەوڵەت دروشمێکی سیاسی نییە، بەڵکو هەستێکی هاووڵاتییە بەوەی دامەزراوەکان دەتوانن پارێزگاری لە مۆڵکی گشتی بکەن.
 کاتێک خەڵک دەبینن کە کەس لە سەرووی لێپرسینەوەوە نییە، ڕێزیان بۆ دەوڵەت زیاتر دەبێت.
 بەردەوامی ئەم ڕێکارە پەیامێکی ڕوون دەدات بە فەرمانبەر و بەرپرسان کە چیتر پۆست و پلە هۆکارێک نییە بۆ ڕزگاربوون لە سزا.

دەیان بەرپرسی باڵا لە پشت شیشەکانی زیندانەوە

لە نێوان گەشبینی و وشیاریدا، عێراقییەکان چاوەڕوانن بزانن ئایا ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی چەسپاندنی ئەو قەناعەتەی کە مێژوویەکە چاوەڕێی دەکەن، کە یاسا دەگاتە هەموان و دەوڵەت جیاوازی لە نێوان کەسدا ناکات.
 لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، کەمپەینەکە کە لە میدیاکانی عێراقدا بە "بەرەبەیانی سپی" ناوزەد کراوە، بووە هۆی دەستگیرکردنی نزیکەی ٥٠ کەسایەتی باڵا، لەوانە پەرلەمانتاران، ڕاوێژکارانی پێشووی حکومەت، پارێزگار و بەرپرسانی وەزارەتەکان کە هەندێکیان لە ڕیزی یەکەمی هێزە سیاسییەکان ئەژمار دەکرێن.

لە دیارترین دەستگیرکراوەکان، موسەنا سامەرائی، سەرۆکی هاوپەیمانی "عەزم" (دووەم گەورەترین حیزبی سوننە لە وڵات)، لەگەڵ چەند پەرلەمانتار و بەرپرسێکی دیاری وەک محەمەد جەمیل ئەلمیاحی، عالیە نسەیف و زیاد ئەلجەنابی.
ئەم کەمپەینە بەرفراوانە دوای ئەوە هات کە مانگی ڕابردوو عەدنان جومێلی، بریکاری وەزارەتی نەوت دەستگیرکرا و لە میانی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە ناوی ئەم بەرپرسە باڵایانەدا ناوە کە تێوەگلاون لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو