لە بەغداوە تا ئەنقەرە و کوێت؛ دادگای دەستپاکی دەستی بەسەر ٢٢ خانوووبەرە و ٣٢ ملیار دیناری بەڕێوەبەری باجدا گرت

٦ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٤٤ پاش نیوەڕۆ

لە بەغداوە تا ئەنقەرە و کوێت؛ دادگای دەستپاکی دەستی بەسەر ٢٢ خانوووبەرە و ٣٢ ملیار دیناری بەڕێوەبەری باجدا گرت

پەنجەرە

دەستەی دەستپاکیى عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، کە سزای زیندانیکردن بۆ ئوسامە حوسام جەودەت، بەڕێوەبەری پێشووتری گشتی فەرمانگەی گشتیی باجەکان و هاوسەرەکەی دەرچووە، ئەمەش لە دۆسیەیەکی پەیوەندیدار بە سپیکردنەوەی پارەدا، بەوهۆیەوە دەست بەسەر موڵک و ماڵیدا لە ناوەوە و دەرەوەی عێراقدا دەگیرێت.

دەستەی دەستپاکی کە باڵاترین دەسەڵاتی چاودێریی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە لە وڵاتدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە دادگای باڵای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بە شێوازی ئامادەبوو بۆ جەودەت و ٥ ساڵ زیندانیکردنی بۆ هاوسەرەکەی دەرکردووە، ئەمەش بەپشتبەستن بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆر.

دەستەکە ڕاشیگەیاندووە کە بڕیارەکە دەستبەسەرداگرتنی ٣٢ ملیار دینار (نزیکەی ٢٧ ملیۆن دۆلار) دەگرێتەوە، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی پارەی کاش، زێڕ و زیو، کرێی خانووبەرەکان و ئەو پارانەش کە لە بانکەکانی کوێت و تورکیادا دانراون.

سەروەت و موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکان:

١- ٢٢ خانووبەرە کە بە ناوی هاوسەری تۆمەتبارەکەوە تۆمارکراون (١٠ خانوووبەرە لە بەغدا و ١٢ لە تورکیا).

٢- دەستبەسەرداگرتنی تەواوی ئەموالی گواستراوە و نەگواستراوەی هەردوو سزادراوەکە.

پێداچوونەوە بەو بەڵگانەی لە دۆسیەکەدا بەدەست هاتوون، بەڵگەکانی بە تەواو و قەناعەتپێکەر زانیوە بۆ تاوانبارکردنیان، بۆیە بڕیاری زیندانیکردن، پێبژاردنی دارایی و دەستبەسەرداگرتنی دارایی بەپێی حوکمە یاساییەکان دەرکردووە.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دێت کە حکومەتی عێراق بەردەوامە لە هەڵمەتەکانی دژ بە تۆڕەکانی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە، هەڵمەتێک کە لەم ماوەیەی دواییدا بەرپرسان و فەرمانبەرانی باڵای گرتووەتەوە، ئەمەش لە ژێر سێبەری فشارە جەماوەریی و سیاسییەکان بۆ بەدواداچوون و گێڕانەوەی ئەو پارە گشتییانەی کە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بە تاڵان براون.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو