د. سەردار عەزیز: عێراق لە قەیراندایە و چاوی لە پارە دزراوەکانە
٦ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٤٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، د. سەردار عەزیز پێیوایە کە عێراق لە ئێستادا بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتا ڕوون نییە دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی دۆسیەکانی گەندەڵی، لە ڕووی دارایی و گێڕانەوەی پارە دزراوەکانەوە، تا چەند سوود بە خەزێنەی دەوڵەتی عێراق دەگەیەنێت.
د. سەردار عەزیز لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە ڕەهەندەکانی تری ئەم هەڵمەتە و ڕایگەیاند، پێدەچێت ئەم هەڵمەتانەی دەستگیرکردن پەیامێک بن بۆ ئەو کەسانەی تری کە پارەی گشتییان لایە، تا پارەکان بگێڕنەوە یان لێرەدا راوەستن.
وتیشی: ئەم هەڵمەتانەی دەستگیرکردن بوونە هۆی ناساندنی زیاتری عەلی زەیدی و لە نێو جەماوەردا خۆشەویستی کرد، ئەمەش لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن سوودی پێدەگەیەنێت.
ئەو لێکۆڵەرە نێودەوڵەتییە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا باس لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەک دەکرێت بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانەی کە براونەتە دەرەوەی وڵات، چونکە لە ئێستادا عێراق لە ناو جەرگەی قەیرانێکی دارایی قووڵدایە و پێویستییەکی زۆری بە پارە هەیە.