لە ڕاوچی گەندەڵییەوە بۆ ڕاوکراو؛ عالیە نسەیف چۆن بوو بە داوەکەوە؟
٦ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٥٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا، ناوی سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری عێراقی، عالیە نسەیف، بووە سەردێڕی هەواڵی میدیاکان، بەتایبەت ئەو پێشتر وەکو راوچی گەندەڵی ناوی دەهێنرا، بەڵام ئەمجارە وەکو تۆمەتباری گەندەڵی قۆڵبەست کرا.
دەستگیرکردنی عالیە نسەیف لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بەرفراوانی دژە گەندەڵی لە بەغدا، وەرچەرخانێکی دراماتیکییە لە کاروانی ژیانی ژنە سیاسییەکدا کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە دەموچاوێکی دیاری نێو گۆڕەپانی سیاسیی عێراقە.
نسەیف بە درێژایی ساڵانی کاری پەرلەمانی، بە هەڵوێستە توندەکانی لە جێبەجێکردنی ئەرکی پەرلەمانتاریدا دەناسرا، لایەنگرانی بە "بوێر" لە قەڵەمیان دەدا بۆ ئاشکراکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی، لەکاتێکدا نەیارەکانی بە ئامرازێک بۆ دروستکردنی مشتومڕ و بەکارهێنراوی دەستی سیاسییەکان تۆمەتباریان دەکرد.
ناسنامە
عالیە نسەیف سیاسەتمەدارێکی عێراقی و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە لەسەر بازنەی بەغدا، هاوكات جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانە.
ئەو لەساڵی ١٩٦٣ لەدایکبووە و بەکالۆریۆسی لە یاسادا هەیە، بەوە ناوبانگی دەرکردبوو کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی گەندەڵی دەکات و هەوڵی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ناوچەکانی وەک کازمیە و حوڕییە دەدات.
عالیە نسەیف پێش چوونە نێو کایەی سیاسی، وەک فەرمانبەر لە فەرمانگەی تۆمارکردنی خانوبەرە (تاپۆ) لە وەزارەتی داد کاری کردووە، ئەمەش ئەزموونێکی باشی لە بواری یاسایی و کارگێڕیدا پێبەخشیوە.
عالیە نسەیف موسڵمانێکی شیعە مەزهەبە و لە خێزانێکی ناسراوی ناوچەی کازمیە لەدایکبووە، هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی چەند منداڵێکە (ناسراوە بە ئوم حوسێن).
زانیارییەکان لەبارەی ژیانی هاوسەریی و خێزانیی تا ڕادەیەک بە نهێنی ماونەتەوە، چونکە میدیاکان زیاتر تیشکیان خستووەتە سەر ڕۆڵە گشتییەکەی. لە هەندێک شوێندا ئاماژە بەوە کراوە کە کەسە نزیکەکانی تێوەگلاون لە هەندێک دۆسیەدا، بەڵام ئەمە نەبووەتە تەوەری سەرەکی لە ژیاننامە گشتییەکەیدا.
ژیانی سیاسی عالیە نسەیف
ژیانی سیاسی عالیە نسەیف لە دوای گۆڕانکارییەکانی ساڵی ٢٠٠٣وە دەستی پێکرد، سەرەتا پەیوەندی بە هاوپەیمانی "العراقیة"وە کرد بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی و کورسییەکی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
ساڵی ٢٠١١ جیابوونەوەی خۆی ڕاگەیاند و بەشداری کرد لە دامەزراندنی کوتلەی "العراقیة البیضاء" بە سەرکردایەتی حەسەن عەلەوی. بەڵام ساڵی ٢٠١٢ لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی تردا فراکسیۆنی "العراقیة الحرة"یان دامەزراند.
ساڵی ٢٠١٤ پەیوەندی بە هاوپەیمانی "دەوڵەتی یاسا" کرد بە سەرکردایەتی نووری مالیکی، لە خولەکانی دواتریشدا نزیک بووەوە لە هاوپەیمانێتییەکەی محەمەد شیاع سودانی.
نسەیف بۆ چەندین ساڵ ئەندامی لیژنەی دەستپاکی بوو، دۆسیەی گەورەی گەندەڵی پەیوەست بە چەندین وەزارەتی ڕەوانەی دادگا کرد و هەمیشە ڕەخنەی لە سستیی هەندێک لە لیژنەکان دەگرت. ئەو بە گرژی و ڕووبەڕووبوونەوە پەرلەمانییەکانی ناسرابوو، کە دیارترینیان هاویشتنی پێڵاوەکەی بوو بەرەو ڕووی پەرلەمانتار سەلمان جومەیلی. لەپاڵ ئەمەشدا، سەرنجی لەسەر پرسە خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا و شارەوانی بوو لە بەغدا.
نسەیف یەکێکبوو لەو پەرلەمانتار و دەم و چاوە سیاسییانەی بەهەڵوێستە توندەکانی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان ناوبانگی دەرکردبوو.
دەستگیرکردنی عالیە نسەیف
لە بەیانی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، هێزە ئەمنییەکان پەرلەمانتار عالیە نسەیفیان دەستگیرکرد، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بەرفراواندا کە ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتاری گرتەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە گەندەڵی.
ئۆپەراسیۆنەکە لە ناوچەی سەوز و چەند ناوچەیەکی تر بەڕێوەچوو، تێیدا ماڵەکەی گەمارۆدرا. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بڕە پارەیەکی زۆر لە ماڵەکەیدا دۆزراوەتەوە.
ئەم دەستگیرکردنە دوای حوکمێکی پێشووی دادگا دێت لە ساڵی ٢٠٢٥دا کە تێیدا نسەیف بە تۆمەتی ناوزڕاندن و تەشهیر تاوانبار کرابوو. هەرچەندە ئەم هەڵمەتە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی حکومەتی ئێستا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەبینرێت، بەڵام هاوکات پرسیار و گومانی زۆریشی لەسەر کات و بژاردەکردنی کەسەکان (ئینتقائیەت) لەسەر ئاستی سیاسی دروست کردووە.