سی پی تی: ڕێگە بە دانیشتوانی ٣٢ گوندی بادینان دەدرێت تەنها بە ڕۆژ بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان
٦ تەممووز ٢٠٢٦ - ٩:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ڕێکخراوی سی پی تی (CPT)ی ئەمریکی ئاشکرایکرد کە دانیشتوانی ٣٢ گوندی ناوچە سنوورییەکانی بادینان دەتوانن تەنها لە ڕۆژدا بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان بە مەبەستی ئەنجامدانی کشتوکاڵی، بەڵام ناچارکراون شەوان گوندەکان چۆڵ بکەن.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستان-عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی، لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند: "لەو ٣٢ گوندە، دانیشتوانی ٩ گوندیان کە دەکەونە سنووری قەزای زاخۆ، پێشتر لەلایەن سوپای تورکیاوە ڕێگرییان لێ دەکرا، بەڵام لە ئێستادا تەنها لە کاتی ڕۆژدا ڕێگەیان پێدەدرێت بۆ کاری کشتوکاڵی بگەڕێنەوە."
سەبارەت بە گوندەکانی تریش، ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی سی پی تی ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو ٢٣ گوندەی دیکە پێشتر لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە ڕێگری لە دانیشتوانەکەیان کرابوو، بەڵام لە ئێستادا حکومەت ڕێگەی پێداون تەنها بە ڕۆژ بگەڕێنەوە سەر زەوی و زارەکانیان."