هۆشداریی دەدرێتە  بازرگانان: تۆڕێکی فریودەر ناوی عەدنان جومەیلی بۆ سەرانەسەندن بەکاردێنن

٦ تەممووز ٢٠٢٦ - ٩:٢٣ پاش نیوەڕۆ

هۆشداریی دەدرێتە  بازرگانان: تۆڕێکی فریودەر ناوی عەدنان جومەیلی بۆ سەرانەسەندن بەکاردێنن

پەنجەرە

دادگای باڵای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی  لە بەغداد، هۆشداری توند دەداتە هاووڵاتیان و باززگانان لە بوونی تۆڕێکی فریودان و سەرانەسێن کە کارمەندی لایەنی فەرمی و نافەرمین و دەیانەوێت دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی نەوت بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە.

دادوەر زیا جەعفەر، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای باڵای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند: "چەندین کەسی فریودەر و سەرانەسێن لە چەندین دامەزراوەی جیاوازی فەرمی و نافەرمی، پەیوەندی بە پیاوانی کار و بازرگانانەوە دەکەن و پێیان دەڵێن کە ناویان لە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی تۆمەتبار (عدنان محمد حمود الجميلي)، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن و گرووپەکەیدا هاتووە، ئەمەش بە مەبەستی چاوترسێنکردن و سەرانەسەندن لێیان."

دادوەر زیا جەعفەر داوای لە سەرجەم هاووڵاتیان و بەتایبەت پیاوانی کار کرد، کە بە هیچ شێوەیەک بڕوا بەم جۆرە بانگەشە درۆینانە نەکەن و سەرشۆڕ نەکەن بۆ هیچ جۆرە فشار و سەرانەسەندنێک. هاوکات داوای کرد لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی لەو شێوەیە، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هێڵی گەرمی دادگاوە بە ژمارە (07718454304) پەیوەندی بکەن و دادگا ئاگادار بکەنەوە.

سزا توندەکان 

دادوەری لێکۆڵینەوە ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین تۆماری ڤیدیۆیی و چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنییان لە چەندین کەناڵی ئاسمانی چاودێری کردووە، کە تێیدا میوانەکان زانیاری تەواو ناڕاست و بێبنەمایان لەسەر بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکان بڵاوکردووەتەوە.

زیا جەعفەر جەختی کردەوە کە دادگا توندترین ڕێکاری یاسایی دژی سەرجەم ئەو کەسانە دەگرێتەبەر کە ئەم جۆرە "ڕەفتارە نزم و شێوێنەرانە" ئەنجام دەدەن، کە ئامانجیان تەنها لەکەدارکردن و شێواندنی ئەو هەوڵانەیە کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری، حکومەت و دەزگا تایبەتەکانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەدرێن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو