سوپاسگوزارییەکی تەنزئامێز؛ چۆن پەرلەمانتاران (هەیبەت حەلبوسیی)ـیان شەرمەزار کرد؟
٦ تەممووز ٢٠٢٦ - ٩:٢١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەغدا، زانیاریی تایبەتی لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی داخراوی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەک پەرلەمانتار بۆ پەنجەرە ئاشکرا دەکات، کە تێیدا حەلبوسی ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمانتاران ڕەخنەی توندیان لە شێوازی مامەڵەکردن و دەستگیرکردنی ئەو پەرلەمانتارانە گرتووە کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی. ئامادەبووان گومانیان هەبووە لەوەی "هەڕەشە لە هەیبەت حەلبوسی کرابێت"، ئەمەش وای لێکردبێت بە شێوازێکی نهێنی و بەپەلە پارێزبەندیی سەر ئەو پەرلەمانتارانە هەڵبگرێت و لە ئاست شێوازی دەستگیرکردنەکەشیان بێدەنگی هەڵبژێرێت.
پەرلەمانتارەکان بە حەلبوسیان ڕاگەیاندووە: "دەتوانرا ئەو پەرلەمانتارانە بە فەرمی بانگ بکرێنە دادگا و دادگایی بکرێن، نەک بەو جۆرە سووکایەتیپێکردنە هەڵبکوترێتە سەر ماڵەکانیان و قۆڵبەست بکرێن."
تەنز و پاساوەکانی حەلبوسی
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا کێشەکە قووڵتر بووەتەوە کاتێک پەرلەمانتارێک بە تەنزەوە بە حەلبوسی گوتووە: "سوپاس سەرۆک بۆ پاڵپشتیکردنت لە پەرلەمانتاران"، لە بەرامبەریشدا حەلبوسی بە کورتی وەڵامی داوەتەوە: "سوپاس".
لەبەرامبەر ئەو ڕەخنانەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پاساوی بۆ بێدەنگییەکەی هێناوەتەوە و ڕایگەیاندووە، پڕۆسەکە رەهەندێکی ئەمنی و تەواو نهێنی هەبووە، بە جۆرێک تەنیا ئەو (وەک سەرۆکی پەرلەمان)، عەلی زەیدی و فایەق زەیدان ئاگاداری وردەکارییەکانی بوون.