سەرۆک و جێگران کێ دەنێرنە دەرەوە؟ ناڕەزایەتی لە دابەشکردنی گەشتەکانی پەرلەمان درووستبووە

٦ تەممووز ٢٠٢٦ - ٩:٢٢ پاش نیوەڕۆ

سەرۆک و جێگران کێ دەنێرنە دەرەوە؟ ناڕەزایەتی لە دابەشکردنی گەشتەکانی پەرلەمان درووستبووە

پەنجەرە

لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، میکانیزمی دیاریکردنی ئەندامانی ئەو شاندانەی گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن، بەپێی پشکی پێکهاتەیی و حزبی بەڕێوەدەچێت. بەپێی زانیارییەکان، لەو گەشتانەی کە لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکەدا ئەنجام دەدرێن، دەستەی سەرۆکایەتی راستەوخۆ ناوی پەرلەمانتارەکان دیاری دەکات.

لە دابەشکارییەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەرپرسە لە دەستنیشانکردنی ئەندامە عەرەبە سوننەکان، جێگری یەکەمی سەرۆک پەرلەمانتارە شیعەکان دیاری دەکات، و ئەرکی دیاریکردنی پەرلەمانتارە کوردەکانیش بەخشراوە بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەن. هاوکات، ئەو پەرلەمانتارانەی لە چوارچێوەی لیژنە پسپۆڕەکاندا سەردانی دەرەوە دەکەن، رۆژانە بڕە پارەیەکی دیاریکراویان وەک شایستەی دارایی (ئیفاد) بۆ خەرج دەکرێت.

شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەران بە سەرۆکایەتی هەیبەت حەلبوسی بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، سەردانی تاران دەکات، کە پەرلەمانتارێکی کوردی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشی تێدایە بەناوی زیرەک زێباری.

ئەم شێوازی دابەشکارییە ناڕەزایەتی لایەنە کوردییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لێکەوتووەتەوە. ئەو لایەنانە دەڵێن کە زۆربەی ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی بۆ گەشت و لیژنەکانی دەرەوەی وڵات هەڵدەبژێردرێن، تەنها لە پشک و لایەنگرانی پارتی و یەکێتین. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان لای پارتی دیموکراتی کوردستانە و ئەویش تەنها کاندیدانی حزبەکەی خۆی و یەکێتی بۆ ئەو گەشتانە پەسەند دەکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو