پەرلەمانتارێک: نیو ملیار دینار لە وەزارەتی بەرگری بۆ کارتی مۆبایل تەرخانکراوە و سەربازیش فێنککەرەوەی نییە

٦ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٥٥ پاش نیوەڕۆ

پەرلەمانتارێک: نیو ملیار دینار لە وەزارەتی بەرگری بۆ کارتی مۆبایل تەرخانکراوە و سەربازیش فێنککەرەوەی نییە

پەنجەرە

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەمیر مەعموری، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەردەی لەسەر دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لەناو وەزارەتی بەرگریی عێراقدا لادا و ڕایگەیاند کە بڕی نیو ملیار تەنها بۆ کڕینی کارتی مۆبایل لەو وەزارەتەدا تەرخانکراوە.

مەعموری بە ئاماژەدان بە قەبارەی ئەو سەرپێچی و ڕێککەوتنە ژێربەژێرانەی لە پشت گرێبەستەکانی وەزارەتەکەوەن، وتی:نامەوێت باسی ئەو هەموو سەفقە (ڕێککەوتنە گوماناوییە) بکەم کە لە پشت گرێبەستەکانی وەزارەتی بەرگرییەوەن، بەڵام تەنها یەک نموونە باس دەکەم، نیو ملیار دینار لەم وەزارەتە تەرخانکراوە بۆ کڕینی کارتی مۆبایل!

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق، بە بەراوردکردنی تێچووی کڕینی کارتی مۆبایل و دۆخی دژواری سەربازانی سوپا، ڕەخنەی توندی ئاراستەی بەرپرسانی وەزارەتەکە کرد و وتی:تەلەفۆن بۆ کێ دەکرێت وا ئەم بودجە گەورەیە بۆ کارتی مۆبایل دانراوە؟ لەکاتێکدا سەرباز لەژێر کوخی گەرم (خێوەت و کەپری حەسیر) دایە و تەنانەت ئامێری فێنککەرەوەشی نییە بۆ خۆپاراستن لە گەرمای هاوین.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، مەعموری وتی: ئەم دۆخە فرمێسکی خوێنینی دەوێت.

ئەم ئاشکراکردنە لە کاتێکدایە کە دۆسیەی گرێبەستەکانی وەزارەتی بەرگریی و لایەنە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوام لەژێر چاودێری و ڕەخنەی توندی شەقامی عێراقی و لایەنە چاودێرییەکاندایە، بەهۆی بوونی گومان لەسەر بەفیڕۆدانی بودجە و شایستە داراییەکانی هێزە چەکدارەکان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو