سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی ناوی بەرپرسانی کورد لەنێو لیستی تۆمەتبارانی گەندەڵیدا بۆ پەنجەرە دەدوێت
٦ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٥٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە پەنجەرەی ڕاگەیاند، ئەو بەرپرسە کوردانەی لە میدیاکانەوە لەبارەی بوونی ناوی بەرپرسان لە لیستی تۆمەتبارانی گەندەڵیدا لێدوان دەدەن، هیچ زانیارییەکی ڕاستیان لەبەردەستدا نییە، چونکە تا ئێستا هیچ کامیان ئەو لیستەیان نەبینیوە.
ململانێی حزبی و لیستی نهێنی
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەرچی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی کورد تۆمەتبارن بە گەندەڵی، بەڵام لیستی ناوی تۆمەتبارەکان بە تەواوی بە نهێنی هێڵدراوەتەوە و هیچ لایەنێک نەیبینیوە. وتیشی: "ئەو لێدوان و قسانەی لەلایەن بەرپرسانی کوردەوە دەدرێن، زیاتر دەچنە چوارچێوەی ململانێی حزبی و سیاسییەوە نەک زانیاریی دروست."
ئاستەنگەکانی بەردەم "زەیدی"
سەرچاوەکە کە بەهۆی نزیکییەوە بەردەوام لەگەڵ زەیدیدا لە گفتوگۆدایە، ئاشکرایکرد کە ناوبراو لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجومەنی نوێنەراندا جەختی لەسەر بەردەوامبوونی پرۆسەی دەستگیرکردنی تۆمەتباران کردووەتەوە. بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، ئایا ئەم هەڵمەتەی بۆ دەچێتە سەر؟
سەرچاوەکە وتی: زەیدی لە ناخی دڵییەوە خوازیارە دەست بۆ سەرجەم گەندەڵکاران ببات.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، ئەو کۆسپ و ڕێگرییانەی لە بەردەمیدان زۆر و گەورەن، بۆیە ئەگەر ئەم هەڵمەتانە سەرکەوتوو بن، لە قۆناغەکانی داهاتوودا دەست بۆ "سەرە گەورەکانی" گەندەڵی دەبرێت.
وتیشی: تەنانەت ئەگەر ئەم هەڵمەتە ببێتە هۆی ڕاکردن و هەڵاتنی ئەو سەرە گەورانەش، هێشتا بۆ زەیدی بە دەستکەوتێکی گەورە دادەنرێت.
چاوەڕوانی و ناڕوونی لە ئاینده
لە کۆتاییدا سەرچاوەکەی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئێستادا تەواوی ستافی ئەنجومەنی وەزیران بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئەم هەڵمەتە تا کوێ بڕ دەکات و تا چەند بۆ زەیدی دەچێتە سەر، چونکە تا ئێستا ئاسۆی داهاتووی ئەم دۆسیەیە ناڕوونە و بەرچاوی کەس ڕوون نییە.