راوێژکارێکی کوردی سودانی بۆ پەنجەرە: هەندێک بەرپرسی کورد بەشەوان لە ناوەندەکانی لەشفرۆشین و بەرۆژ وێنە دەگرن و نمایش دەکەن، ئەمانە خەڵکی بەشەرەف نین و ناتوانن نوێنەرایەتی کورد بکەن
٦ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٥٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
عەدنان حەمید شەفی، کەسایەتیی کوردی نیشتەجێی بەغدا و راوێژکاری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەی ئێستا لەسەر کەیسەکانی گەندەڵی دەستگیرکراون تەنها دۆسیەی داراییان لەسەرە، بەڵام ئەگەر دەست بۆ “سەرە گەورەکانی عێراق” ببرێت، دۆخەکە بەتەواوی دەشڵەقێت و دۆسیەی مەترسیداری تێوەگلان لە کوشتن و کارکردن بۆ دەرەوە دێنە ئاراوە.
عەدنان حەمید شەفی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە تیشکی خستە سەر کێشە قووڵەکانی پشت پەردەی سیاسیی عێراق و رایگەیاند، ئەوانەی لەم ماوەیەدا گیراون، تەنها لەسەر دۆسیەی دزیی و گەندەڵی دارایی دەستبەسەر کراون، ئەوان هیچ جۆرە نهێنییەکی مەترسیداریان لانییە کە ببێتە هۆی وروژاندنی کەیسی تر یان لێکەوتەی گەورە.
وتیشی: ئەگەر لێپرسینەوە لەسەرە گەورەکان بکرێت و دەستگیر بکرێن، دۆسیەی زۆر ترسناکی وەک کوشتن، تیرۆر، و کارکردن (سیخوڕی) بۆ وڵاتانی ئیقلیمی دێنە پێشەوە، ئەمەش ئەو هێڵە سوورەیە کە دەبێتە هۆی تێکچوون و شڵەقانی تەواوی دۆخی سیاسیی عێراق.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا بۆ پەنجەرە، ئەو ڕاوێژکارەی پێشووی سودانی رەخنەی توندی ئاراستەی بەشێک لە نوێنەر و بەرپرسانی کورد لە بەغدا کرد و وتی: بەرپرسانی کورد لە بەغدان، بەڵام حزبەکانیان لە کوردستان نازانن لە ڕاستیدا چی دەکەن. ئێمە وەک کوردی نیشتەجێی بەغدا لە نزیکەوە ئاگاداری سەرجەم جوڵە و کارەکانیانین.
شەفی جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە هێزە سیاسییەکانی کوردستان پێداچوونەوەی جدی بەو کەسانەدا بکەن کە دەیاننێرنە پایتەختی عێراق و رایگەیاند: پێویستە حزبەکانی کوردستان خەڵکی بەشەرەف بنێرێتە بەغدا بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافەکان بکەن. نابێت چیتر رێگە بدرێت کەسانێکی بێشەرەف ناوی کورد لەکەدار بکەن، کە کارەکەیان لە پایتەخت تەنها لە جاسوسی و راپۆرتنووسین دژی یەکتر کورت بووەتەوە.
وتیشی: هەندێک بەرپرسی کورد بەشەوان لە ناوەندەکانی لەشفرۆشین و بەرۆژ وێنە دەگرن و نمایش دەکەن، ئەمانە خەڵکی بەشەرەف نین و ناتوانن نوێنەرایەتی کورد بکەن.