عالیە نسەیف؛ لەشەڕی گەندەڵییەوە بۆ گەورەترین تۆمەتباری گەندەڵی
٦ تەممووز ٢٠٢٦ - ٩:٠٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
عێراقییەکان سەرلەنوێ ڤیدیۆ و لێدوانەکانی پێشووی عالیە نسەیف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بڵاوکردەوە، کە لە ئێستادا بە تۆمەتی گەندەڵی، دزینی پارەی گشتی و دەستبەسەرداگرتنی داهات دەستگیرکراوە.
نسەیف لەو ڤیدیۆیانەدا باس لە ناڕەحەتییەکانی خۆی دەکات لە دژایەتیکردنی بەرپرسانی گەندەڵ و کۆکردنەوەی بەڵگە لە دژیان. هەروەها گرتەی تریشیان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەگری لەبەر ئەوەی خۆی بە جەنگاوەرێک لە دژی گەندەڵی ناو دەبات، ئەمەش لەلایەن زۆر کەسەوە وەک نموونەیەکی زەقی "دووڕوویی سیاسی" سەیرکرا کە زۆربەی پارت و هێزە سیاسییەکانی عێراق پەیڕەوی دەکەن.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لە دۆسیەی دەستگیرکردنیدا، تێوەگلانی ناوبراوی لە بەدەستهێنانی ملیۆنان دۆلار لە ڕێگەی گرێبەستی گوماناوییەوە دەرخستووە، کە تا ئێستا لایەنە فەرمییەکان وردەکارییەکەیان ئاشکرا نەکردووە.
هەڵمەتی دەستگیرکردنی بەرپرس و پەرلەمانتاران ئلەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق ئەنجامدرا کە مانگی ڕابردوو دەستگیرکرابوو. دانپێدانانەکانی ئەو بوونە هۆی دەستبەسەرکردنی ٥٠ بەرپرسی عێراقی بە تۆمەتی تێوەگلان لە پرۆسەی گەندەڵی، هەرچەندە ئامارێکی ورد لەبەردەستدا نییە، بەڵام سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە کە بڕی پارە دزراوەکان بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێندرێت.
دروشمی دژەگەندەڵی و ڕاستییە شاردراوەکان
عالیە نسەیف (تەمەن ٦٣ ساڵ)، زیاتر لە دەساڵ بوو دروشمی "شەڕی دژی گەندەڵی" بەرزکردبووەوە، بە قسەکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی میدیایی و گوتاری توندی بەرامبەر نەیارە سیاسییەکانی یان ئەوانەی بە "گەندەڵ" وەسفی دەکردن، دەناسرا. بەڵام دەستگیرکردنی ، بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئەو شتانەی دەرخست کە لە عێراقییەکانی دەشاردەوە، لەوانەش دۆزینەوەی بڕە پارەیەکی زۆر لە ماڵەکەیدا لە بەغدا، کە وێنەی ئەو پارانەش بڵاوکرانەوە.
هەروەها لێکۆڵینەوەکان گومانیان خستە سەر کوڕەکەی بە ناوی سەجاد عەلی خدر، کە ئەویش تۆمەتبارە بە هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، خاوەندارێتی چەندین کێڵگەی بەخێوکردنی ئەسپی عەرەبی ڕەسەن کە بە نرخە گرانەکانیان ناسراون.
دەستبەسەرداگرتنی چەک و ئەسپ لە باشووری بەغدا
لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا کە بە "ورد و ئاڵۆز" وەسفکرا، هێزێکی دەستەی دەسپاکی و بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی ناوەندیی بەغدا، هەڵیانکوتایە سەر ناوچەی (عەرەب جبور) لە باشووری بەغدا. ئەمەش بووە هۆی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلێک کە بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی تێدا بوو.
لە کاتی پشکنینەکەدا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری "ڕەنج ڕۆڤەر"ی سپی دەستی بەسەرداگیرا کە کەسێکی لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٢ لێی دەخوڕی و دانیشتووی هەمان ناوچە بوو. لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا چەندین جۆری جیاوازی چەک دۆزرانەوە، لەوانە:
١٣ چەکی کڵاشینکۆف، چەکی PKC و چەکی M4، لەگەڵ تاپڕ و چەکی ڕاوکردن، هەروەها دەمانچە لە جۆری جیاواز.
ئەمە جگە لە بڕێکی زۆر تەقەمەنی و ١٩ رومانە.
هەروەها دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری "لاندکروزەر" و یەکێکی تر لە جۆری "مێرسیدس"دا گیرا کە ژمارەی جیاوازیان پێوەبوو، ئەمەش گومانی لەسەر سروشتی بەکارهێنانیان دروستکرد. جگە لەوەش، چەندین کارتی دارایی ئەلیکترۆنی و ٢٣ ئەسپ دەستیان بەسەرداگیرا. بەپێی گوتەی پێشکەشکاری بەرنامە سیاسییەکان، تۆمەتباری سەرەکی ئەم کەلوپەلانە کوڕەکەی عالیە نسێفە.
٧٤ ملیۆن دۆلار لە ماڵی پەرلەمانتارەکەدا
لەلایەکی ترەوە، ڕاوێژکاری یاسایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دادوەر مونیر حەداد، دەستبەسەرداگرتنی بڕە پارەیەکی زەبەلاحی ڕاگەیاند کە بە ٧٤ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، لەگەڵ بڕێکی زۆر زێڕ، کە لە ناو ماڵی عالیە نسەیفدا دۆزراونەتەوە. نسەیف یەکێک بوو لە دیارترین ئەندامانی پەرلەمان، چونکە بۆ چوار خولی هەڵبژاردن کورسی پەرلەمانیی هەبوو، ژیانی سیاسی خۆی لەگەڵ ئەیاد عەلاوی دەستپێکرد، پاشان چووە ناو هاوپەیمانی نووری مالیکی و لەم دواییانەشدا چووە ناو هاوپەیمانی سەرۆک وەزیرانی پێشوو محەمەد شیاع سودانی.
عەبدوڵا رکابی، توێژەری سیاسی، دەڵێت: دووڕوویی و دوو فاقی بەرپرسانی عێراق، سیفەتی سەرەکییە کە عێراقییەکان تێبینی دەکەن. ئەوان بە ڕۆژ شەڕی گەندەڵی دەکەن و بە دروشمی نیشتمانی دەنگ بەرز دەکەنەوە، بەڵام بە شەو ڕێکدەکەون لەسەر دابەشکردنی ئەو پارانەی لە دەوڵەت دزراون. عالیە نەسێف نموونەی ئەو کەسایەتییانەیە کە فێڵیان لە عێراقییەکان کرد.
رکابی هۆشداریشی دا: "گەورەترین ترسی ئێمە ئەوەیە ئەم بەرپرسانە بە کەفالەت ئازاد بکرێن، چونکە ئێستا خەڵک هەست بە نیەتێکی ڕاستەقینە دەکەن بۆ لێپرسینەوە. ئەگەر دەستوەردانی سیاسی هەبێت بۆ ئازادکردنیان، نائومێدییەکی گەورەی جەماوەری ڕوودەدات."
هەڵمەتێکی فراوان بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسانی باڵا
عێراق لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستگیرکردن بووە کە دەیان ئەندامی پەرلەمان، ڕاوێژکارانی پێشووی حکومەت، بەرپرسانی وەزارەتەکان و پارێزگارانی پێشووی چەند پارێزگایەکی گرتووەتەوە. لە نێویاندا کەسایەتییەکانی هێڵی یەکەمی گۆڕەپانی سیاسی هەن، دیارترینیان موسەنا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانی "عەزم" دووەم گەورەترین پارتی سوننە، لەگەڵ پەرلەمانتارانی دیاری وەک محەمەد جەمیل میاحی، عالیە نسەیف و زیاد جەنابی.
ژمارەی دەستگیرکراوان لەم ئۆپەراسیۆنەدا کە لە میدیاکانی عێراقدا بە "فەجری سپی" ناوزەد کراوە، گەیشتووەتە نزیکەی ٥٠ کەس، کە سەرجەمیان بەپێی دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت، تۆمەتبارن بە دۆسیەی گەندەڵی.