دۆسیەی گەندەڵی؛ قۆناغی پەرلەمانتاران بەرەو کۆتایی دەچێت و شەپۆلەکە دەگاتە ناو حکومەت

٦ تەممووز ٢٠٢٦ - ٩:٠٨ پاش نیوەڕۆ

دۆسیەی گەندەڵی؛ قۆناغی پەرلەمانتاران بەرەو کۆتایی دەچێت و شەپۆلەکە دەگاتە ناو حکومەت

پەنجەرە

پرۆسەی دەستگیرکردنی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی، بەرەو قۆناغی کۆتایی دەچێت. چاوەڕوان دەکرێت لەمەودوا ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان ئاڕاستەکەی بەرەو لای بەرپرسانی حکومی بگۆڕێت. 

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆربەی ئەو پەرلەمانتارانەی ناویان لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا هاتبوو دەستگیرکراون. لە بەرامبەردا، دوو پەرلەمانتاری هەڵاتوون و خۆیان رادەست نەکردووە، کە بریتین لە: عەلا سەکر، ئەندامی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و حسێن موئنس، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق (حزبوڵا).

پڕۆسەی بەدواداچوونی تۆمەتباران حاڵەتی سەیری تێکەوتووە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی پەرلەمانتار ئەشواق جبوری گەڕاون، لە ڕێگەی شوێنپێی تەکنەلۆژییەوە دەرکەوتووە کە موبایلەکەی لە شاری "عومان"ی پایتەختی ئوردن چالاکە، بەڵام دوای بەدواداچوونی وردتر، خۆی لە ناو جەرگەی بەغدادا دۆزراوەتەوە و دەستبەسەر کراوە.

شەپۆلی دەستگیرکردنەکان تەنها لە سنووری بەغدادا نەوەستایەوە، بەڵکو درێژبووەوە بۆ هەرێمی کوردستانیش. لەم چوارچێوەیەدا، دوو لە پەرلەمانتارە داواکراوەکان لە شاری هەولێر دەستگیرکران، پاش ئەوەی یەکێکیان بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، بە مەبەستی خۆحەشاردان بەغدای بەرەو هەولێر جێهێشتبوو.

بەم پێیە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دۆسیەی پەرلەمانتارە تۆمەتبارەکانی ناو خۆی تا ڕادەیەکی زۆر یەکلاکردووەتەوە. لە ئێستادا "تۆپەکە کەوتووەتە گۆڕەپانی حکومەت" و دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە بۆ ڕادەستکردنی ئەو بەرپرسانەی کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.

ئەگەر  پڕۆسەکە بەهۆی فشاری سیاسییەوە ڕانەگیرێت، پێشبینی دەکرێت لە قۆناغی داهاتوودا هەڵمەتەکان بە شێوازێکی چڕتر و بەرفراوانتر پۆستی "بریکاری وەزیرەکان" و "بەڕێوەبەرە گشتییەکان" لە ناو وەزارەت و دامەزراوە جیاوازەکانی دەوڵەتدا بگرێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو