لەناو ئۆتۆمبێلی بوک و زاوایەکدا؛ ئاسایشی نیشتمانی دەست بەسەر ملیۆنێک دۆلاری قاچاخدا دەگرێت
٦ تەممووز ٢٠٢٦ - ٩:١٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
حکومەتی عێراق دۆسیەی ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی بە تەواوی دەسپێرێتە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، بۆ ئەو مەبەستەش دەسەڵاتی ڕەهای پێداون بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دەستگیرکردن.
سەرچاوەیەکی نزیک لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق تایبەت بە پەنجەرەی ڕاگەیاند:حکومەت سەرجەم ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی بەرامبەر بە تۆمەتبارانی دۆسیەکانی گەندەڵی بەم دەزگایە سپاردووە و دەزگاکەش لەلایەن حکومەتەوە بە تەواوی دەستکراوە کراوە بۆ دەستگیرکردنی هەر کەسێک کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبێت.
سەرچاوەکە ئاشکرایشیکرد کە هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی پڕچەک کراون بە ئامێری پێشکەوتوو بۆ دۆزینەوەی ئەو سامان و پارانەی کە بە قاچاخ دەبرێن یان دەشاردرێنەوە، هاوکات ئەو ئامێرانە لە چەندین بازگەی گرنگ و ستراتیژیدا جێگیر کراون.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، دوێنێ لە پارێزگای ئەنبار، هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی دەستیان بەسەر بڕی یەک ملیۆن دۆلاری کاشدا گرتووە، پارەکە لەناو ئۆتۆمبێلی بوک و زاوایەکدا حەشاردرابوو. بەڵام تا ئێستا بە تەواوی ڕوون نەبووەتەوە کە ئەو بڕە پارەیە هی کام بەرپرسە و لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە بەردەوامن.