نەوزاد شێخ کامیل: سیستمی "ئەسیکۆدا" و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە جوڵەی بازرگانییان لە هەرێم کەمکردووەتەوە

٦ تەممووز ٢٠٢٦ - ٩:١٥ پاش نیوەڕۆ

نەوزاد شێخ کامیل: سیستمی "ئەسیکۆدا" و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە جوڵەی بازرگانییان لە هەرێم کەمکردووەتەوە

پەنجەرە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان، کەمبوونەوەی جوڵەی بازرگانیی لە هەرێم لەمساڵدا ڕاگەیاند. ناوبراو هۆکاری ئەم پاشەکشەیەی بۆ چەند هۆکارێک گەڕاندەوە، کە دیارترینیان جێبەجێکردنی سیستمی گومرگیی "ئەسیکۆدا" (ASYCUDA) و قەیران و ململانێ هەرێمییەکانن.

پاشەکشەی مۆڵەتەکانی هاوردەکردن

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە جێبەجێکردنی سیستمی ئاسیکۆدا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر خێرایی و ئاسانکاریی هاتوچۆی کاڵاکان هەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی پێدانی مۆڵەتی هاوردەکردن بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو.

سەبارەت بە ئاماری مۆڵەتە بەخشراوەکان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا، نەوزاد شێخ کامیل ڕایگەیاند:
 
*تۆمارکردنی 155 مۆڵەتی هەناردەکردنی بازرگانی.
 *پێدانی 333 مۆڵەتی تایبەتی هاوردەکردن، کە 352 هەزار ئۆتۆمبێل و 62 ئۆتۆمبێلی کلاسیک لەخۆدەگرێت.
 *پێدانی 1038 مۆڵەتی گشتیی هاوردەکردنی بازرگانی، کە ئەم بەشەیان بەهۆی ئاستەنگەکانی سیستمی نوێی گومرگییەوە پاشەکشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

وەرگرتنی گەنم و دابەشکردنی بەشەخۆراک

لەسەر پرسی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ، بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەی وەرگرتنی گەنم کە لە مانگی ئایاری ڕابردووەوە دەستی پێکردووە، تا ئێستا 277 هەزار تۆن گەنم لە کۆی ئەو 400 هەزار تۆنەی بۆ هەرێم دیاری کراوە وەرگیراوە. بڕی گەنمی وەرگیراو بەم شێوەیە دابەش بووە:
 *دهۆک: 96 هەزار تۆن
 *هەولێر و قەزای گوێڕ: 94 هەزار تۆن
 *سلێمانی: 86 هەزار تۆن

وتیشی: ئێستا کار لەسەر دابەشکردنی بەشەئاردی چوارەم دەکرێت، وە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی بەشەئاردی پێنجەم و بەشەخۆراکی چوارەم دەکرێت. روونیشیکردەوە کە پرۆسەی نوێکردنەوەی فۆرمی دۆسیەی خۆراک (کارتی تموینی) بۆ زیادکردنی منداڵانی تازەلەدایکبوو و جیاکردنەوەی خێزانەکان بەردەوامە.

چاودێریی بازرگانی و بەدیجیتاڵکردنی گومرگ

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی چاودێریکردنی بازاڕدا، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دووپاتی کردەوە کە تیمەکانیان لە شەش مانگی ڕابردوودا 24 هەزار و 746 بەسەرکردنەوەی مەیدانییان ئەنجامداوە، کە بەهۆیانەوە 111 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە و لەناو براوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو