شارەزایەکی ئابووریی: هەناردەی نەوتی عێراق بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە و کشانەوە لە ئۆپیک "خۆکوژییە"
٦ تەممووز ٢٠٢٦ - ٩:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
محەمەد حسێن، شارەزای بواری ئابووری، لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە ئاشکرای لکرد کە سەرەڕای کراوەیی گەرووی هورمز، بەڵام قەبارەی فرۆشی نەوتی عێراق بەراورد بە ڕابردوو بۆ نیوە کەمبووەتەوە.
ئەو شارەزایە ئابوورییە ئاماژەی بە گۆڕانکارییە ژمارەییەکان کرد و ڕایگەیاند:پێش هەڵگیرسانی شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، عێراق ڕۆژانە ٣.٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد.
لە ئێستادا ئاستی فرۆشی ڕۆژانەی وڵاتەکە دابەزیوە بۆ کەمتر لە ٢ ملیۆن بەرمیل.
محەمەد حسێن وتی: عێراق ناتوانێت لە ئۆپیک بکشێتەوە، هۆشدارییەکانی کشانەوەی هاوشێوەی خۆکوژیی ئابوورین."
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، محەمەد حسێن ڕەخنەی لەو دەنگۆ و هەڕەشانە گرت کە باس لە کشانەوەی عێراق دەکەن لە ڕێکخراوی ئۆپیک و وتی: "عێراق هەڕەشەی کشانەوە لە ڕێکخراوی ئۆپیک دەکات، بەڵام ئەم هەنگاوە جۆرێکە لە خۆکوژی و عێراق لە ڕووی کردارییەوە توانای جێبەجێکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیەی نییە."